وەزارەتی پەروەردە وادەی ساڵی نوێی خوێندن دیاری دەکات
ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردە وادەی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی 2024-2025 لە هەرێمی کوردستان دیاری دەکات.
د. ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 05-09-2024، ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردە بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێک کۆ دەبێتەوە؛ یەکێکیان، دیاریکردنی ساڵنامەی ساڵی نوێی خوێندنی 2024-2025ـە.
وەکو ئەوەی د. ئالان حەمە سەعید باسی کرد، لە بەشێکی دیکە کۆبوونەوەکەدا ئەم بابەتانە تاوتوێ دەکرێن: ڕێبەری بەشەوانەکان، ساڵنامەی چالاکیی وەرزش و هونەر و ڕاسپاردەکانی دووەمین کۆڕبەندی پەروەردەیی کوردستان کە لە 01 و 02ی ئاب لە هەولێر ساز کرا.
دروستکردنی باڵەخانەی نوێ
وەزیری پەروەردە ئەوەشی خستە ڕوو، بۆ ساڵی نوێی خوێندن، 42 باڵەخانەی نوێی باخچەی منداڵان و قوتابخانە دەکەونە خزمەتی قوتابییان؛ بەوپێیەش سیستەمی دوو دەوامی لە زۆرینەی قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان نامێنێت.
لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا بە شێوەیەکی گشتی، زیاتر لە 195 باڵەخانە و 460 ژووری نوێی بۆ کەرتی پەروەردە و فێرکردن لە هەرێمی کوردستان دروستکراون و 1660 قوتابخانە نۆژەنکراوەتەوە؛ لە ئەنجامی ئەمەشدا شوێنی نوێی خوێندن بۆ زیاتر لە 100 هەزار قوتابی لە کەرتی حکوومەتیدا کراوەتەوە.
ژمارەی قوتابی و مامۆستایان
لەلایەکی دیکەوە د. سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە، بە کوردستان24ـی گوت: ساڵی نوێی خوێندنی 2024-2025، بە بەشداریی زیاتر لە یەک ملیۆن و 720 هەزار قوتابیی قوتابخانە حکوومی و زیاتر لە 132 هەزار قوتابیی قوتابخانە ناحکوومەتییەکان لە هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکات.
یەکشەممە، 25-08-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ژمارەیەک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژی هەرێمی کوردستان کرد و دوای گوێگرتنی لە خواست و داواکارییەکانیان، بڕیاری دا لەسەر داهاتی ناوخۆی حکوومەت، سەرجەم وانەبێژان کە ژمارەیان نزیکەی 38 هەزار کەس دەبێت، بکرێنە گرێبەست.
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە باسی لەوەش کرد، وەزارەتەکەیان خاوەنی زیاتر لە 118 هەزار مامۆستای دامەزراو (میلاک) و زیاتر لە 38 هەزار مامۆستای گرێبەستە و هەمووان پێکەوە ساڵی نوێی خوێندن بەڕێوە دەبەن.
ژمارەی کتێبی چاپکراو
وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی نوێی خوێندن (2024-2025)، بە گوژمەی زیاتر لە 24 ملیار دینار، 19 ملیۆن و 768 هەزار کتێبی بۆ هەموو بەشەکانی خوێندنی (زانستی، وێژەیی، پیشەیی و خوێندنی ئیسلامی) چاپ کردووە.
هاوکات حەسەن سەرتیپ، بەڕێوەبەری گشتیی پرۆگرام و چاپەمەنی لە وەزارەتی پەروەردە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2024-2025، بە گوژمەی زیاتر لە 24 ملیار دینار، 19 ملیۆن و 768 هەزار کتێبی بۆ هەموو بەشەکانی خوێندنی (زانستی، وێژەیی، پیشەیی و خوێندنی ئیسلامی) چاپ کردووە.
بەڕێوەبەری گشتیی پرۆگرام و چاپەمەنی لە وەزارەتی پەروەردە ڕوونیشی کردەوە، سەرجەم کتێبەکان لە ئیمارات چاپکراون و بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2024-2025، 57 کتێب بە دیزاین و ناوەڕۆکی نوێیەوە ئامادە و چاپکراون.
حەسەن سەرتیپ باسی لەوەش کرد "شێوازی نوێی دیجیتاڵی لە ئامادەکردن و چاپکردنی کتێبەکان بەکار هێنراوە. بۆیە، کاتێک پسۆڕانی پەروەردەیی لە ئیمارات، کتێبی قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستانیان بینیوە دەستخۆشییان لێمان کرد و ستایشی جوانیی دیزاین و ناوەڕۆکی کتێبەکانمانیان دەکرد".