بێئاوی بابلییەکانی پەرێشان کردووە
دانیشتووانی گوندەکانی دەوروبەری بابل بەهۆی نەبوونی ئاوی خواردنەوە پەرێشان بوون و کەمبوونەوەی سەچاوەکانی ئاوی سەر زەوی و دابەزینی ئاوی ژێر زەوی، هەڕەشە لە ژیانی دانیشتووان و داهاتووی کشتوکاڵی ناوچەکە دەکات.
ئاو، سەرچاوەی سەرەکی بەرهەمەکانی ئەم ناوچەییە، قەیرانی بێئاوی وایکردووە خەڵکی پەنا بۆ هەڵکەندنی بیر ببەن، ئاوی بیرەکان خەڵکی تووشی نەخۆشی پێست کردووە. هاووڵاتییەک بەناوی ڕەسوڵ حەبیب دەڵێت:نزیکەی چل دۆنم زەویم هەیە، بەڵام بە هاوین لەبەر بێئاوی ناتوانم یەک دۆنمیش وەبەربێنم، بەزستانیش تەنیا 10 دۆنم دەکەم بەکشتوکاڵ، ئەویش بە بەکارهێنانی ئاوی سوێر، بەرووبوومەکەی خراپە، لە 10 دۆنم زەوی تەنیا یەک تۆن بەرهەمم هەبووە.
هاووڵاتییەکی دیکە سوهەیل عوبێد دەڵێت: خوای گەورە دەفەرموێت هەموو شتێک سەرچاوەکەی ئاوە. ئاومان زۆر کەمە، نەک لە ڕووبارەکان بەڵکو لە پرۆژەکانی حکوومەتیش ئاو کەمە. ئێمە خەڵکی گوندی بەنی عەجلین لە شارەدێی حەیدەری باکووری بابل، ماوەی سێ ساڵە یەک دڵۆپ ئاوی پرۆژەکانی حکوومەتمان بەدەست نەگەیشتووە. بەهۆی ئاوی خراپەوە تووشی نەخۆشی پێست بووین، وامان لێ هاتووە بەتەواوی واز لەکشتوکاڵ بهێنین.
وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق چەند ڕێکارێکی بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی کەمئاوی گرتووبەتەر، لەوانەش چاکسازیی لە کەناڵە ئاوییەکان و بەکارهێنانی تەکنیکی نوێ لەدابەشکردنی ئاو لە ڕێگەی فوارەکانەوە. ئەمەش لەپێناو کەمکردنەوەی کاریگەری قەیرانی بێ ئاوی و دابینکردنی ئاو بۆ هەموومان.
موسەنا وەتفی بەڕێوەبەری سەرچاوەکانی ئاو لە پارێزگای بابل دەڵێت: کار دەکەین بۆ کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی ئاو بەتایبەتی لەلایەنی ڕێگریکردن لە بەفیڕۆچوونی ئاو لەکاتی گواستنەوەیدا. لەم لایەنەوە کار لەسەر سیستەمی مارپێچ (حەلەزوونی)ی دەکەین کە ڕێگەیەکی نوێی هونەرییە و جیاوازە لەوانی دیکە، کاریگەری دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی ئەم سامانە گرنگە.
قەیرانی کەمی ئاو لە گوند و شارەدێکانی بابل هەڕەشەی جددییە و پێویستی بە بایەخپێدانی بەپەلە هەیە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە، ئەرکی حکوومەتە ڕێکاری خێرا و کاریگەر بگرێتەر بۆ چارەکردنی ئەم قەیرانە و گەرەنتیکردنی ئەوەی ئاو بەهەمووان دەگات، ئەوە سەرباری دڵنیابوونەوە لە پاراستنی کشتوکاڵ کە سەرچاوەی بەردەوامی ژیانە.