تیمی بانگەشەی هاریس مەرجەکانی دیبەیتی ترامپیان پەسەند کرد

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە دەڵێت: تیمی هەڵمەتی بانگەشەی کامالا هاریس کاندیدی دیموکراتەکان، مەرجەکانی دیبەیتەکەی هەفتەی داهاتوویان بەرانبەر دۆناڵد ترەمپ پەسەند کردووە؛ یەکێک لە مەرجەکان بێدەنگکردنی مایکرۆفۆنەکانە کاتێک نۆرەی کاندیدێک بۆ قسەکردن تەواو دەبێت.

ئەمە یەکەم دیبەیتی نێوان ترەمپ و هاریسە، لەوکاتەوەی بووەتە کاندیدی دیموکراتەکان، دوای ئەوەی جۆو بایدن لە 21ـی تەمووز  لە کاندیدبوون کێشایەوە.

ئەو سەرچاوەیە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی گوت: کەناڵی "ئەی بی سی نیوز" میوانداریی دیبەیتەکە دەکات کە بڕیارە لە 10ـی ئەیلوول بەڕێوە بچێت، دەشڵێت: تیمەکەی هاریس هیوادارە ئەو ماوەیەی تەرخان بکرێت بۆ کردنەوەی مایکرۆفۆنەکان و ڕێگە بە کاندیدەکان بدرێت وەڵامی یەکتر بدەنەوە.

هاریس توانیویەتی لە هەندێک ڕاپرسی نیشتمانیدا پێش ترەمپ بکەوێت، هەروەها ئەو گومانانە بڕەوێنێتەوە کە لەسەر دیموکراتەکان هەبوو سەبارەت بە بایدن، چونکە ترەمپ لە بانگەشەی هەڵبژاردن پێش بایدن کەوتبوو.

هەروەها لە 1ـی تشرینی یەکەم دیبەیتێک بۆ جێگری کامالا هاریس 'تیم واڵز' و جێگری دۆناڵد ترامپ 'جەی دی ڤانس' بەڕێوە بچێت.