هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی بزووتنەوەی گۆڕان بەهۆی ناکۆکییەکانەوە دوا خرا
بڕیاربوو ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ی ئەیلوولی 2024، جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی دەستە سەرۆکایەتیی کۆببێتەوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکییەوەکانەوە کۆبوونەوەکە بۆ کاتێکی نادیار دوا خرا.
سەرچاوەیەک لە جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوان دوو ئاراستەی جیاواز لە نێوان سەرکردەکانی بزووتنەوەکەوە کۆبوونەوەی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی بزووتنەوەکە دواخرا.
سەرچاوەکە گوتیشی: دیار نییە ئایا کۆبوونەوەکەی جڤاتی گشتی، سەرەتای هەفتەی داهاتوو بۆ هەڵبژاردنی ڕێکخەری نوێ و خانەی ڕاپەڕاندن بەڕێوەدەچێت یاخود نا؟
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ئەگەر ئەمڕۆ کۆبوونەوەی جڤاتی گشتیی بەڕێوە بچوایە، دەستەی سەرۆکایەتیی هەڵدەبژێردران کە لە سێ کەس پێک دێن، ئەوانیش هەر یەک لە سەرۆکی جڤاتی گشتی، سکرتێری جڤاتی گشتی و کەسێک بۆ کاروباری کارگێڕی بۆ ئەوەی جڤاتی نیشتمانی ڕاسپێردرێت بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکان.
ئەمە دووەمین کۆنفرانسی نیشتمانی بزوونتەوە گۆڕانە بۆ هەڵبژاردنی ڕێکخەر و خانەی نیشتمانی دەکرێت، پێشتر دەرگای خۆ پاڵاوتن بۆ ڕێکخەری گشتی و خانەی ڕاپەڕاندن بڕیاربوو تاوەکوو 2ی ئەیلوول بێت، بەڵام بە نووسراوێکی فەرمی دەرگای خۆ پاڵاوتن تاوەکوو ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ی ئەیلوول درێژکرایەوە و هەوڵ دەدرێت بەر لە وادەی بانگەشەی هەڵبژاردن پرسی ڕێکخەری نوێی بزووتنەوەی گۆڕان یەکلایی بکرێتەوە.