کشتوکاڵی ئەمەریکا: 18 ملیۆن خێزانی ئەمەریکایی بەدەست برسییەتییەوە گرفتارن
وەزارەتی کشتوکاڵی ئەمەریکا ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، ڕێژەی برسییەتی گەیشتووەتە بەرزترین ئاست، لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا و 18 ملیۆن خێزان کە دەکاتە 13.5%ـی دانیشتووان گرفتاری برسییەتین.
ڕێژەی برسییەتی لە ئەمەریکا لە ساڵی 2021ەوە لە زیادبووندایە، داتاکانی نووسینگەی سەرژمێری ئەمەریکا ساڵی ڕابردوو بڵاویکردەوە، پاش کۆتاییهاتنی ئەو پرۆگرامانەی کە یارمەتی خۆراکیان لەکاتی پەتای کۆڤید-19 پیشکەش دەکرد، نەبوونی ئاسایشی خۆراک زیادی کردووە.
لە مانگی ئایاری ڕابردوودا، گروپێکی دژە برسییەتی بەناوی Feeding America گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە برسییەکان لە ئەمەریکا 33.1 ملیار دۆلاریان کەمە بۆ دابینکردنی پێداویستی خۆراکی. هەروەها وەزیری کشتوکاڵی ئەمەریکا 'تۆم ڤیلساک' لە بەیاننامەیەکدا گوتی: ناکرێت لە ئەمەریکا کەس هەست بە برسییەتی بکات.
گروپەکانی دژی برسیەتی دەڵێن: فراوانکردنی یارمەتی خۆراکی فیدراڵی و پرۆگرامەکانی باجی منداڵان هۆکارن بۆ چارەکردنی کێشەکە. ڕاپۆرتەکە دەڵێت، لە ساڵی 2023 دا بە بەراورد بە ساڵی 2022 یەک ملیۆن خێزانی دیکە ئاسایشی خۆراکیان نییە.