لە سنووری شارباژێڕی تەخت ساڵانە شەش ملیۆن کیلۆ کاڵەک بەهەم دەهێنرێت

لە پێناو پشتیوانىی جووتیاران و بەرهەمى ناوخۆ فێستیڤاڵى کاڵەک لەدەشتى زەڵێ، لە شارباژێڕى تەخت کرایەوە، لە فیستڤاڵەکەدا بەرهەمى کاڵەکى جووتیارانى سنوورەکە خرایە ڕوو؛ جووتیاران ئەو جۆرە فیستیڤاڵانە بە گرنگ دەزانن بۆ پاڵپشتى زیاترى کەرتى کشتوکاڵ و بەبازاڕ کردنى بەرهەمەکانیان.

خەلیل وەکوو جووتیارێک لە بەرهەم هێنانى کاڵەکدا، ئەزموونى زیاد لە 30ساڵى هەیە، لەدوورەوە هەموو جۆرەکانى کاڵەک دەناسێتەوە، لەناو فیستیڤاڵەکەدا زانیاری بە کڕیاران دەدات و بۆیان ڕوون دەکاتەوە. کام جۆرەى کاڵەک باش و بەتامە، ئەو ساڵانە نزیکەى 50 تۆن بەرهەمى کاڵەکى هەیەو دەشڵێت: لە ناوچەکەى ئەواندا، دەشتى زەڵێ بۆ بەرهەمهێنانی کاڵەک کەشێکى زۆر لەبارى هەیە.

خەلیل ڕەحمان، جووتیار بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سنووری شارباژێری تەخت و دەشتی زەڵێ هەڵکەوتەی جوگرافیەکەی وایە کەش و هەواکەی ئەوەندە لەبارە لەدوای مانگی 8ەوە کاڵەکی ئێرە دەتوانم بڵیم لەناوەڕاستی مانگی هەشت تا 20 هەشت ئەنجا بەرهەممان دەردەچێت یەکێک لە تایبەت مەندێتیەکانی ئەوەیە هەتا 20ـی 9 تا سەرەتای پایز دەخایەنێت.

لە سنورى دەشتى زەڵێ زیاد لە دوو هەزار دۆنم زەوىی کشتوکاڵى کراوە بە کاڵەک، کە بەرهەمى جووتیاران سەدان هەزار تۆنە، بۆیە ڕێکخستنى ئەم جۆرە فێستیڤاڵە دەرفەتێکى لەبارە بۆ ساخ بوونەوەى بەرهەمى زیاد لە 100 جووتیار کە ئەمساڵ لە فیستیڤأڵەکەدا بەشدارن، فێستیڤاڵەکە لە ڕۆژى چوار شەممەوە کراوەتەوە و تا ڕۆژى هەینى بەردەوام دەبێت، کاتى دەست پێکردنى کارەکانى فیستیڤاڵەکەش لە کاتژمێر 4ـی پاش نیوەڕۆ تا 11ـی شەو دەبێت .

تیشکۆ عەلى، یەکێک لە سەرپەرشتیارانى فێستیڤاڵى کاڵەک دەڵێت: لە شارباژێری تەختدا ساڵانە بڕی 2300 دۆنم زەوی دەکرێت بەکاڵەک، نزیکەی شەش ملیۆن کیلۆ کاڵەک دەکات، هەمیشە جووتیارەکانی ئەم ناوچەیە کێشەیەکی گەورەیان هەبوو، کەنەیان دەتوانی کاڵەکەکەیان ساخ بکەنەوە لە ناو بازاڕەکاندا، ئەوەش لەبەر هاتنی بەرووبومی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، گوتیشی، ئەم ڤێستیڤاڵە وەکو پاڵپشتییەکە بۆ جووتیارانی ئەم ناوچەیە و پشتگیرییەکە بۆ ئەو ماندووبوون و هەوڵەی کە دەیدەن.