لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکەی ئێران و عێراق، کەمپی زڕگوێز ڕادەگوێزرێت
هەوڵ دەدرێت هێزەکانی "کۆمەڵەی شۆڕشگێرانی زەحمتەکێشانی کوردستانی ئێران" بۆ کەمپی سوورداش بگوازرێنەوە.
ئارام بەختیار، پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی ڕایگەیاند، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 05-09-2024، هێزێکی ئاسایش چوونەتە سەر بارەگاکانی "کۆمەڵەی شۆڕشگێرانی زەحمتەکێشانی کوردستانی ئێران" لە کەمپی زڕگوێز و چەندان ئۆتۆمبیلی بارهەڵگریان پێیە و دەیانەوێ بە زۆر بیانگوازنەوە بۆ کەمپی سوورداش.
دووشەممە، 19-08-2024، قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق، لە ڕێگەی نووسراوێکی فەرمییەوە، داوای لە وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی فیدراڵی کرد ڕەزامەندی دەرببڕێت بۆ بەکارهێنانی کەمپی سوورداش بۆ جێگیرکردنی هێزە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران.
لە بەرامبەردا ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، لە هەمان ڕۆژ وەڵامی نووسراوەکەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق داوەتەوە و ڕەزامەندیی دەربڕیوە.
گواستنەوەی حزبە کوردییەکان لە زڕگوێز پەیوەستە بە ڕێککەوتنێکی هاوبەشی نێوان ئێران و عێراق کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2023، تایبەت بە پاراستنی سنووری نێوان هەردوو وڵات.