ڕێباز حەملان: ئەمڕۆ یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو لیستی مووچەی ئاب دەنێردرێتە بەغدا
ڕێباز حەملان، یاریدەدەری کاروباری دارایی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێ: هاووڵاتییان دڵنیا دەکەمەوە کە سەرۆکوەزیران پێداگرە لەسەر ئەوەی پرسی مووچە بە تەواوەتی لەگەڵ بەغدا بنەبڕ بکات و لە داهاتووێکی زۆر نزیکدا چارەی بکات، چونکە لە %95 ی داواکارییەکانی عێراق جێبەجێکراون و تەنیا چەند خاڵێکی کەمی ماوە و ئەوانیش بەم زووانە چارە دەکرێن.
ڕێباز حەملان گوتیشی: هاوکات لەگەڵ هەوڵە بەردەوامەکانی سەرۆکوەزیرن، مەسرور بارزانی، نوێنەرانی کوردیش لە بەغدا هەم وەزیری دەرەوە، جێگری سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنی پارتی بەردەوامن بۆ ئەوەی هەرچی زووە کێشەکان چارە بکرین.
لە بارەی هۆکاری دواکەوتنی مووچەی تەممووز لەلایەن بەغداوە، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی: چەند تێبینی و سەرنجێکی لەسەر بوو، بەڵام بۆ مووچەی مانگی ئاب، ڕەنگە ئەمڕۆ وردبینی کردنی لیستی مووچە تەواو بکرێت، ئەگەر هەیە هەر ئەمڕۆ یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو بنێردرێتە بەغدا.
سەبارەت بە هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینی پێشمەرگە و زیندانیانی سیاسی لەگەڵ خانەنیشنانی بەغدا، ڕێباز حەملان گوتی: خانەنشینی پێشمەرگە خۆیان لیستیان نەناردبوو، زیندانیانی سیاسییش خۆیان لیستی مانگی حەوتیان ڕەت کردبووەوە، بەڵام وەک ئەوەی لە کۆبوونەوەی دوێنێ ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاردرا لە پرسەکانی دارایی و ژمێریاری لەگەڵ بەغدا هاوتا بکەین بۆ ئەوەی چیتر کێشە و گرفت لە بارەی بڕیار و ڕێنماییە داراییەکان دروست نەبێت.
سەبارەت بە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئابووری وەزاری فیدراڵی عێراق لە هەولێر، ڕێباز حەملان گوتی: کۆبوونەوەکە بڕیار بوو ئەم هەفتەیە بکرێت بەڵام دواخرا بۆ سەرەتای هەفتەی داهاتوو کە کۆبوونەوەیەکی زۆر گرنگ دەبێت، وەزیرانی دارایی، بازرگانی و سەرۆکی دەستەی دەروازە سنووریی و گومرگییەکان، سەرۆکی بانکی ناوەندی و پارێزگاری بانکی ناوەندی دێنە هەولێر، فوئاد حسێن سەرۆکی ئەنجوومەنەکەیە.
لەو کۆبوونەوەیەدا کە دوو ڕۆژ دەخایەنێت هەموو بابەتەکانی پەیوەست بە مووچە، دەروازە سنوورییەکان، گومرگ، باج و پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق تاوتوێ دەکرێن و دەبرێتەوە بەغدا و لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریان لەسەر دەدرێت.