وەزارەتی پەروەردە وادەی ساڵی نوێی خوێندنی دیاری کرد
ڕۆژی 25ی 9ی 2024، یەکەم ڕۆژی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی (2024 - 2025) دەبێت لە هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 05-09-2024، ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردە بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێک کۆ بووەوە؛ یەکێکیان، دیاریکردنی ساڵنامەی ساڵی نوێی خوێندنی 2024-2025 بوو.
سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەنجوومەنی وەزارەت بڕیاری دا، ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی 25ی 9ی 2024، یەکەم ڕۆژی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی (2024 - 2025) بێت.
دروستکردنی باڵەخانەی نوێ
بۆ ساڵی نوێی خوێندن، 42 باڵەخانەی نوێی باخچەی منداڵان و قوتابخانە دەکەونە خزمەتی قوتابییان؛ بەوپێیەش سیستەمی دوو دەوامی لە زۆرینەی قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان نامێنێت.
لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا بە شێوەیەکی گشتی، زیاتر لە 195 باڵەخانە و 460 ژووری نوێی بۆ کەرتی پەروەردە و فێرکردن لە هەرێمی کوردستان دروستکراون و 1660 قوتابخانە نۆژەنکراوەتەوە؛ لە ئەنجامی ئەمەشدا شوێنی نوێی خوێندن بۆ زیاتر لە 100 هەزار قوتابی لە کەرتی حکوومەتیدا کراوەتەوە.
ژمارەی قوتابی و مامۆستایان
ساڵی نوێی خوێندنی 2024-2025، بە بەشداریی زیاتر لە یەک ملیۆن و 720 هەزار قوتابیی قوتابخانە حکوومی و زیاتر لە 132 هەزار قوتابیی قوتابخانە ناحکوومەتییەکان لە هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکات.
یەکشەممە، 25-08-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ژمارەیەک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژی هەرێمی کوردستان کرد و دوای گوێگرتنی لە خواست و داواکارییەکانیان، بڕیاری دا لەسەر داهاتی ناوخۆی حکوومەت، سەرجەم وانەبێژان کە ژمارەیان نزیکەی 38 هەزار کەس دەبێت، بکرێنە گرێبەست.
وەزارەتی پەروەردە خاوەنی زیاتر لە 118 هەزار مامۆستای دامەزراو (میلاک) و زیاتر لە 38 هەزار مامۆستای گرێبەستە و هەمووان پێکەوە ساڵی نوێی خوێندن بەڕێوە دەبەن.
ژمارەی کتێبی چاپکراو
هاوکات حەسەن سەرتیپ، بەڕێوەبەری گشتیی پرۆگرام و چاپەمەنی لە وەزارەتی پەروەردە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2024-2025، بە گوژمەی زیاتر لە 24 ملیار دینار، 19 ملیۆن و 768 هەزار کتێبی بۆ هەموو بەشەکانی خوێندنی (زانستی، وێژەیی، پیشەیی و خوێندنی ئیسلامی) چاپ کردووە.
بەڕێوەبەری گشتیی پرۆگرام و چاپەمەنی لە وەزارەتی پەروەردە ڕوونیشی کردەوە، سەرجەم کتێبەکان لە ئیمارات چاپکراون و بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2024-2025، 57 کتێب بە دیزاین و ناوەڕۆکی نوێیەوە ئامادە و چاپکراون.
حەسەن سەرتیپ باسی لەوەش کرد "شێوازی نوێی دیجیتاڵی لە ئامادەکردن و چاپکردنی کتێبەکان بەکار هێنراوە. بۆیە، کاتێک پسۆڕانی پەروەردەیی لە ئیمارات، کتێبی قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستانیان بینیوە دەستخۆشییان لێمان کرد و ستایشی جوانیی دیزاین و ناوەڕۆکی کتێبەکانمانیان دەکرد".