بەهۆی بارانی بەخوڕ چوار منداڵ لە مەککە گیانیان سپارد

دیمەنی کاتی بارانەکەی مەککە
دیمەنی کاتی بارانەکەی مەککە

ڕۆژنامەی عوکازی سعوودیە ڕایگەیاند، بەهۆی بارانی بەخوڕ لە شاری مەککەی سعوودیە، چوار منداڵی خێزانێک بەو هۆیەوە گیانیان سپاردووە.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش داوە، ئۆتۆمبێلێک کە ویستوویەتی ئەو خێزانە بگوازێتەوە، کە خەڵکی یەکێک لەوڵاتانی عەرەبین و بریتی بوونە  لە باوک و دایک و شەش منداڵ، دوای ئەوەی شۆفێرەکە هەوڵی داوە لە لافاوێک بپەڕێتەوە، لەوکاتەدا تەوژمێکی بەهێز لە وادی 'مەغمەس' لێی دەدات و دەیکێشێت بە یەکێک لە دیوارەکاندا.

ڕاشیگەیاندووە، ئەندامانی بەرگریی شارستانیی سعوودیە توانیویانە دوو منداڵ (کوڕێک و کچێک) ڕزگار بکەن، کە یەکێکیان تەمەنی 13 ساڵ و ئەوی دیکەیان دوو ساڵ بوو، جگە لە دایک و باوکەکە، چوارەکەی دیکەش گیانیان سپارد کە سێیان کچ بوون و گەورەترینیان تەمەنی حەوت ساڵە و کوڕەکەش چوار ساڵانە.

ڕۆژنامە سعوودیەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، تەرمی سێ کچەکە دۆزراونەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا تەرمی کوڕە چوارساڵانەکە دیار نییە و گەڕان بەدوایدا بەردەوامە.