ئێوارەی ئەمڕۆ سلێمانی ئاوێتەی میوزیک دەکرێت
ئۆرکێسترای سیمفۆنیی سلێمانی، بۆ دووەم جار لەم ساڵدا، بە بەشداریی ژمارەیەک لە دیارترین میوزیسیانانی سلێمانی و بەڕابەریی عەبدوڵلا جەمال سەگرمە، کۆنسێرتێکی میوزیک پێشکەش دەکات.
هەردی مەجید یاریدەدەری مایسترۆ و ژەنیاری ڤیۆلا لە ئۆركێسترای سیمفۆنی سلێمانی بۆ کوردستان24ی گوتی: كۆنسێرتی ئەمجارەمان لە هەندێ ڕووەوە جیاوازە لە کۆنسێرتی پێشوومان، هەم لە ڕووی هەڵبژاردنی بەرهەمەکانەوە و ھەم لە ڕووی قەبارەی ئۆرکێستراکەوە.
سەبارەت بە بەرهەمەکانیش هەردی مەجید گوتی: بەرهەمەکانی ئەم جارە تێکەڵەیەکە لە بەرهەمی میوزیكدانەرە جیھانییەكان و كارێكی کوردی، كە مامۆستا ئاكۆ عەزیز نووسیویەتی و تەنیا لەو بەرهەمەشدا ئامێرە فوودارەکان بەشداری دەکەن كە منداڵیکی بەهرەمەند بە ناوی (شوان ڕزگار ئاغا) بە سۆڵۆی ئامێری ڤایۆلین بەشدارە و تواناکانی خۆی نیشان دەدات.
بڕیارە کاتژمێر شەشی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە تەلاری هونەر کۆنسێرتەکە پێشکەش بکرێت، یەکەمین بەرهەمی ئەمساڵی ئۆرکێسترای سیمفۆنیی سلێمانی، 5ی ئادار بە ڕابەرایەتی هەردی مەجید و بەشداری چەند ژەنیارێکی میوانی بیانی کە لە جۆرجیا و میسڕەوە هاتبوون، بەڕێوە چوو.
ئۆرکێسترای سلێمانی ساڵانێکە بە کار و چالاکیەکانییەوە لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی کوردستان توانیویەتی ئەزموونێکی باش لە پێشکەشکردنی میوزیکی جیھانی و میوزیکی کوردی پێشکەش بکات.