سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هاوکاریی زیانلێکەوتووانی بازاڕی قەیسەریی هەولێر دەکات
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 05-09-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بازاڕی قەیسەریی هەولێری کرد و وەکو هاوکاریی دارایی بڕی 2 تا 20 ملیۆن دینار بە هەر دوکاندارێک دەدات کە بەهۆی ئاگرەکەوە زیانی پێ گەیشتووە.
ئومێد خۆشناو، پاریزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە 5ـی ئایار کارەساتێک بەسەر بازاڕی قەیسەری هەولێردا داهات، هەرئەو ڕۆژی ڕامان گەیاند ئەو بازاڕە ڕۆحی هەولێرە کە بەوشێوەیە مامەلەی لەگەڵ کرا و سووتێنرا و زیانێکی زۆر بە کاسبکاران کەوت.
گوتیشی: بۆ ڕۆژی دواتر سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی سەردانی بازاڕەکەی کرد و دڵنیایی دایە کاسبکاران کە هەموو هەوڵێک دەدرێت بۆ ئاشکراکردنی بکەرانی ئەو تاوانە، هەروەها هاوکاری و پشتیوانیی کاسبکارانیش دەکرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، سەرۆکی حکوومەت ئەو کات بەکاسبکارانی گوت: حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەرچی لە توانایدا هەبێت بۆ بارسووکردنی ئەو زیانانەی بە کاسبکاران کەوتووە دەیکات، دەشڵێت: لە 6ـی مانگەوە ڕێکارەکانی نۆژەنکردنەوەی قەیسەری گیرایە بەر و زیانەکان دەستنیشان کران.
ڕاشیگەیاند، ئەمڕۆ 5ـی ئەیلوول جارێکی دیکە سەرۆکوەزیران بۆ چەند مەبەستێک سەردانی بازاڕی قەیسەری کرد؛ یەکەم، پرسیاری ئەوەی کرد تاوەکو ئێستا چ کراوە؟ ئێمەش ڕوونکردنەوەمان پێدا. هەروەها ڕێڕەوی نۆژەنکردنەوەکە بە چ جۆرێکە و چۆن بەڕێوەدەچێت، کە هەمیشە جەخت دەکاتەوە پەلە کارەکە بکرێت تاوەکو کاسبکاران بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.
لەبارەی قەبارەی زیانەکان ئاشکرای کرد، لە هەفتەی داهاتوو دەست بەدابەشکردنی ئەو هاوکارییانە دەکرێت بۆ ئەوانەی دووکانەکانیان سووتاوە، کە 247 دووکان بووە، هەر یەکێک لەوانە بە پێی قەبارەی زیانەکان هاوکاری دەکرێت.
باسی لەوەش کرد، کەمترین ڕێژەی ئەو کاسبکارانەی زیانیان بەرکەوتووە دوو ملیۆن دینارە، زۆرترین ڕێژەش 20 ملیۆن دینارە، واتە هاوکارییەکە بەیەک شێواز نییە بە پێی قەبارەی زیانلێکەوتووانە. سەرەڕای ئەوەی دووکانەکەشی نۆژەن دەکریتەوە.
سووتانی بازاڕی قەیسەریی هەولێر
شەوی (5ـی ئایاری 2024) ئاگرێك لە بەشێکی بازاڕی قەیسەریی هەولێر کەوتەوە و دوای چەند کاتژمێرێک لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەولێرەوە کۆنترۆڵ کرا.
لەلایەن خۆیەوە، میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵ ڕایگەیاند، تۆڕێکی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و دوو کەسی سەر بە یەکەی 70ـی هێزەکانی پێشمەرگە و دژەتیرۆری سلێمانی، لە پشت هەموو ئەو ئاگرانەوە بوون کە لە ماوەی ڕابردوودا لە بازاڕی قەیسەریی هەولێر و بازاڕەکانی کەرکووک و هەرێمی کوردستان کەوتوونەتەوە.
دوای ڕووداوەکەش پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا لە بارەی ئاگرکەوتنەوەی بازاڕی قەیسەری، ئاشکرای کرد، بەپێی دوایین ئامار لە کۆی زیاتر لە چوار هەزار دوکان، 227 دوکان و حەوت کۆگای بچووکی بازاڕی قەیسەری بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکە سووتاون و زیانیان پێ گەیشتووە.
گوژمەی تەخانکراو بۆ نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەری پێنج ملیار و 300 ملیۆن دینارە و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ھاوکاریکردنی کاسبکاران لە پارەی زبڵ و خاشاک، تابلۆ و باجی 50% بۆ ساڵی 2023 و 100% بۆ ساڵی 2024 خۆشبووە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر پێشتر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، مەسرور بارزانی، سهرۆكی حكوومهتی هەرێمی کوردستان بهرنامهیهكی ئامادە کردووە بۆ هاوکاریکردنی ئەو دوکاندارانەی دوکانەکانیان سووتاوە و لهم نزیكانهدا هاوكاریییان دهكرێت.