100 هەزار پەنجەماسی خرانە بەنداوەکانی گۆمەسپان و ئاوەسپی

پەنجە ماسی
پەنجە ماسی

هۆبەی بەرهەمهێنانی پەنجە ماسی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی ڕاهێنانی کشتوکاڵ، زیاتر لە 100 هەزار پەنجەماسی خرانە هەردوو بەنداوی گۆمەسپان و بەنداوی ئاوی سپی، هەروەها ئەم ساڵ زیاتر لە 600 هەزار پەنجەماسی خراونەتە ناو بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان.

ئارام حەسەن، بەڕێوەبەری مەشق و ڕاهێنانی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ بە دوو تیم پەنجەماسیەکانمان دابەش کرد، ئەمەش وەکو قۆناغی کۆتایی دابەشکردنی پەنجەماسیەکان بوو، بە هەردوو تیمەکەوە بۆ بەنداوی ئاوە سپی و بەنداوی گۆمەسپان زیاتر لە 100 هەزار پەنجەماسیمان دابین کردووە،

گۆشتی ماسی بووەتە خواردنی سەرەکی لە هەرێمی کوردستان، هەروەها بووەتە سەرچاوەی داهات بۆ هەندێک لە خێزانەکان، لەو چوارچێوەیەشدا بەچەندین قۆناغ پەنجەماسی خراونەتە بەنداوەکان کە دوایین قۆناغ بەنداوی گۆمەسپان و ئاوەسپی بوو.

پشتیوان ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی سیوان لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت: ساڵانە لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی ڕاهێنانی کشتوکاڵی هۆبەی پەنجەماسی، زیاتر لە 500 هەزار پەنجەماسی بەرهەم دەهێنرێت، دوای پشکنینی ئاو و دڵنیابوون لە تەندروستی پەنجەماسییەکان، بەچەند قۆناغێک دەست دەکەین بەدابەشکردن، کە قۆناغی یەکەم لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و قەراغ و هەولێر و دهۆک و زاخۆ.