چوار بازرگان کە ماددەی هۆشبەریان لەنێو تایەی بارهەڵگردا حەشاردابوو، دەستگیر کران

بڕی 14 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ دەستی بەسەردا گیرا
بڕی 14 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ دەستی بەسەردا گیرا

 چوار بارزگان دەستگیر کران و بڕی 14 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەریش لە جۆری کریستاڵ دەستی بەسەردا گیرا.

بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، ڕۆژی چوارشەممە، 04-09-2024، لە چالاکییەکدا توانرا باندێکی مەترسیداری بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر دەستگیر بکرێن کە پێکهاتبوون لە چوار تۆمەتباری بیانی.

هەر چوار تۆمەتبارەکە، وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "بەنیاز بوون بڕی 14 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ بهێننە ناو هەرێمی کوردستان و لەنێو تایەی بارهەڵگر بە شێوازێکی زۆر ورد حەشاریان دابوو".

بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان دەڵێت، تۆمەتبارەکان ڕادەستی یاسا کراون و بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵییەکان پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.

ڕووبەڕووبوونەوەی بازرگانی و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان

یەکێک لە کارە پێشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی؛ ڕووبەڕووبوونەوەی بازرگانی و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان بووە و لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا، هەوڵەکانی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان بۆ ئەو مەبەستە چڕ کراونەتەوە.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە "حکوومەتی هەرێمی کوردستان، زۆر بە ڕژدی و بەرفراوانی کار لە سەر قەڵاچۆکردن و بەرەنگاربوونەوەی ئەم هەڕەشە مەترسیدارە دەکات و هەموو هەوڵێکی دەخاتەگەڕ بۆ ئەوەی ڕێگە لە تەشەنەکردنی و بڵاوبوونەوەی زیاتری بگرێت" .

سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردووەتەوە "ماددەی هۆشبەر، هەر تەنیا زەرەر و زیانی تەندروستی بەکەسی بەکارهێنەر ناگەیەنێت، بەڵکوو زیانی کۆمەڵایەتی، ئابووری، ئەمنی و دارایی لە گشت کایەکانی کۆمەڵگە دەدات و هۆیەکی سەرەکییە بۆ لاوازكردنی سەرمایەی مرۆیی".

بە گوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە سەرەتای ساڵی 2018 تاوەکوو 01-08-2024، زیاتر لە 11 هەزار و 145 تۆمەتباری ماددە هۆشبەرەکان دەستگیر کراون کە دوو هەزار و 857ـیان بازرگان بوون؛ لەو ژمارەیە پێنج هەزار و 596ـیان سزا دراون.

بە گوێرەی هەمان ئامار، لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەست بە سەر 2407.919 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر و 113 هەزار و 311 حەبی هۆشبەردا گیراوە.  

ئەو جۆرە ماددە هۆشبەرانەی دەستیان بەسەردا گیراوە بریتین لە: کریستال، تلیاک، حشیش، هیرۆیین، ماریجوانا، جامایکا و کۆکایین. هەروەها جۆری ئەو حەبە هۆشبەرانەی دەستیان بەسەردا گیراوە، بریتین لە: ترامادۆل، تریفین، سۆدافید، سۆمادریل، دیازپام، کلونازپام، میاتدۆن، بی توو، ئێکس، کاپتاگۆن و لکزس.

ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە ساڵی 2018:

ژمارەی تۆمەتباری دەستگیرکراو: 1148 تۆمەتبار

ژمارەی بازرگانی ماددەی هۆشبەر: 205 تۆمەتبار

ژمارەی سزادراوان: 97 تاوانبار 

بڕی ماددەی هۆشبەری دەستبەسەرداگیراو: 414.553 کیلۆگرام

بڕی حەبی هۆشبەری دەستبەسەرداگیراو: 17,281 شیت حەب

ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە ساڵی 2019:

ژمارەی تۆمەتباری دەستگیرکراو: 1182 تۆمەتبار

ژمارەی بازرگانی ماددەی هۆشبەر: 212 تۆمەتبار

ژمارەی سزادراوان: 530 تاوانبار   

بڕی ماددەی هۆشبەری دەستبەسەرداگیراو: 153.912 کیلۆگرام

بڕی حەبی هۆشبەری دەستبەسەرداگیراو: 9,215 شیت حەب

ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە ساڵی 2020:

ژمارەی تۆمەتباری دەستگیرکراو: 1295 تۆمەتبار

ژمارەی بازرگانی ماددەی هۆشبەر: 235 تۆمەتبار

ژمارەی سزادراوان: 916 تاوانبار

بڕی ماددەی هۆشبەری دەستبەسەرداگیراو: 555.749 کیلۆگرام

بڕی حەبی هۆشبەری دەستبەسەرداگیراو: 2,734 شیت حەب

ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە ساڵی 2021:

ژمارەی تۆمەتباری دەستگیرکراو: 1943 تۆمەتبار

ژمارەی بازرگانی ماددەی هۆشبەر: 302 تۆمەتبار

ژمارەی سزادراوان: 733 تاوانبار 

بڕی ماددەی هۆشبەری دەستبەسەرداگیراو: 374.729 کیلۆگرام

بڕی حەبی هۆشبەری دەستبەسەرداگیراو: 47,378  شیت حەب

ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە ساڵی 2022:

ژمارەی تۆمەتباری دەستگیرکراو: 2192 تۆمەتبار

ژمارەی بازرگانی ماددەی هۆشبەر: 304 تۆمەتبار

ژمارەی سزادراوان: 1266 تاوانبار 

بڕی ماددەی هۆشبەری دەستبەسەرداگیراو: 232.493 کیلۆگرام

بڕی حەبی هۆشبەری دەستبەسەرداگیراو: 1657 شیت حەب و 937،250 کیلۆگرام حەبی فەلی جۆراجۆری هۆشبەر

ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە ساڵی 2023:

ژمارەی تۆمەتباری دەستگیرکراو: 2482 تۆمەتبار

ژمارەی بازرگانی ماددەی هۆشبەر: 1070 تۆمەتبار

ژمارەی سزادراوان: 1116 تاوانبار 

بڕی ماددەی هۆشبەری دەستبەسەرداگیراو: 482.124 کیلۆگرام

بڕی حەبی هۆشبەری دەستبەسەرداگیراو: 6056 شیت حەب و 2343, 254 کیلۆگرام حەبی فەلی جۆراجۆری هۆشبەر

ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە (01-01 تاوەکو 01-08-2024):

ژمارەی تۆمەتباری دەستگیرکراو: 1003 تۆمەتبار

ژمارەی بازرگانی ماددەی هۆشبەر: 529 تۆمەتبار

ژمارەی سزادراوان: 938 تاوانبار 

بڕی ماددەی هۆشبەری دەستبەسەرداگیراو: 194.359 کیلۆگرام

بڕی حەبی هۆشبەری دەستبەسەرداگیراو: 28990 شیت حەب

سزای بەکارهێنەر و بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان

بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ماددە هۆشبەرەکان، سەدا 80ی بەکارھێنەرانی ماددەی ھۆشبەر لە ھەرێمی کوردستان تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 35 ساڵیدایە و سەدا 10ی بەکارھێنەرانیش ئافرەتن.

بە پێی ماددەی 26ی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان کە لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە، ئەو کەسانەی بازرگانی بە ماددەی ھۆشبەرەوە دەکەن سزاکەیان زیندانیکردنە بۆ ھەتا ھەتایە، ھەروەھا پێبژاردنێک کە لە 15 ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە 90 ملیۆن دیناری عێراقیش زیاتر نەبێت.

ھەروەھا بۆ بەکارھێنەرانی ماددە ھۆشبەرەکانیش، سزاکەیان بە زیندانیکردن بۆ ماوەی ساڵێک بەرەو سەرەوە دەست پێ دەکات بەپێی جۆر و شێوازی بەکارھێنانەکەی ھەروەھا بە پێبژاردنێک کە لە 15 ملیۆن دیناری عێراقی زیاتر نەبێت، سزا دەدرێت.