ئەعرەجی و ڕۆمانۆوسکی پرسی کۆتاییهێنانی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تاوتوێ دەکەن

قاسم ئه‌عره‌جی و ئه‌لینا ڕۆمانۆوسكی
قاسم ئه‌عره‌جی و ئه‌لینا ڕۆمانۆوسكی

ڕاوێژكاری ئاسایشیی نیشتمانیی عێراق له‌گه‌ڵ باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ به‌غدا كۆ ده‌بێته‌وه‌ و تاوتوێی پرسی كۆتاییهاتنی ئه‌ركی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ عێراق ده‌كه‌ن.

پێنجشه‌ممه‌، 5ـی ئه‌یلوولی 2024، قاسم ئه‌عره‌جی، ڕاوێژكاری ئاسایشیی نیشتمانیی عێراق له‌گه‌ڵ ئه‌لینا ڕۆمانۆوسكی، باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ به‌غدا كۆ بووه‌وه‌.

به‌ پێی ڕاگه‌یه‌نراوی نووسینگه‌ی ڕاوێژكاری ئاسایشیی نیشتمانیی عێراق، ئه‌عره‌جی و ڕۆمانۆوسكی تاوتوێی پرسی كۆتاییهاتنی ئه‌ركی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تییان له‌ عێراق كردووه‌.

هه‌روه‌ها به‌ پێی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌، هه‌ردوولا باسیان له‌ پێشخستنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان به‌غدا و واشنتن و به‌رده‌وامی دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانی نێوان هه‌ردوولایان كردووه‌ته‌وه‌.

هه‌ینی، 26ـی كانوونی دووه‌می 2024، باسم عه‌وادی، گوته‌بێژی حكوومه‌تی عێراق ڕایگه‌یاند، محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی پشت به‌ سێ ڕه‌گه‌ز "ڕاشكاویی، متمانه‌ و هاوسه‌نگی" ده‌به‌ستێت.

سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش ڕاكێشا، ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان نه‌ك هه‌ر له‌ عێراق، به‌ڵكو وله‌ ناوچه‌كه‌دا به‌رژه‌وه‌ندییان هه‌یه‌ و خاوه‌نی هێزێكی زۆرن له‌ ناوچه‌كه‌ و نایانه‌وێت بۆچوونێكی وا له‌لایه‌ن وڵاتانی ناوچه‌كه‌ دروست بێت، كه‌ وا پیشان بدات ئه‌وان دۆڕاون.

گوته‌بێژی حكومه‌تی عێراق جه‌ختیشی كرده‌وه‌، كۆبوونه‌وه‌كانی نێوان لیژنه‌ی باڵای سه‌ربازی عێراق و ئه‌مه‌ریكا ته‌نیا كۆبوونه‌وه‌ی پیشه‌یی سه‌ربازیین و تێیدا گفتوگۆ له ‌باره‌ی چۆنیه‌تی ته‌واوبوونی ئه‌ركه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كرێت له‌ عێراق.

گوتیشی، ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ تایبه‌ت ده‌بێت به‌ مه‌شقپێدان، پڕچه‌ككردن، كاری هه‌واڵگری و پلانی ئۆپه‌راسیۆنه‌كان، پاشانیش هه‌وڵ ده‌درێت نه‌خشه‌ڕێگه‌یه‌كی هاوبه‌ش دابنرێت بۆ كۆتاییهێنان به‌ ئه‌ركی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له‌ عێراق.

پێنجشەممە، 25ـی کانوونی دووەمی 2024، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمەریكا رایگەیاند، لەسەر بنەمای ئەو پرۆسەیەی ئەمەریكا و عێراق لە دیالۆگی هەماهەنگی هاوبەشی ئاسایشی نێوانیان لە مانگی ئابی 2023 لە واشنتن دەستیان پێ كردووە، كۆبوونەوەكانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربازی ئەمەریكا و عێراق به‌رده‌وام ده‌بن.

ئۆستن ئاماژەی بەوەش کردبوو، ئەمە هاوكار دەبێت بۆ دروستكردنی هاوبەشیی بەردەوامی نێوانیان لە بواری ئاسایش، لەسەر بنەمای ئەو سەركەوتنانەی عێراق بە هاوبەشی لەگەڵ كەمپەینی دژی داعش لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەدەستی هێناوە.

وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش پابەندی خۆی بە پاراستنی راوێژكارانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دووپاتی كرده‌وه‌ و ئاماژەی بەوە كردبوو، گفتوگۆکانیان بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای سەربازی بۆ هەڵسانگاندنی مەترسی داعش و دیاریکردنی خشتەیەکی كاتی بۆ ماوەی مانەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق سەرکەوتوو بوون.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، دەست بە کەمکردنەوەی ژمارەی ڕاوێژکارانی سەربازی هاوپەیمانی نێوەدوڵەتی لە دژی داعش دەکرێت و کار دەكەن بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکە سەربازییەکانیان لە عێراق. لە و ماوەیەشدا، حکوومەتی عێراق پابەندە بە پاراستنی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ڕێگریکردن لە تەشەنەکردن و پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان.

ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی 24ـی کانوونی دووەمی 2024، وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاشکرای کرد، حکوومەتی ئەمەریکا نامەیەکی ئاراستەی حکوومەتی عێراقی کردووە، بێ ئەوەی ناوەڕۆکی نامەکەی ئەمەریکا ئاشکرا بکات و ئاماژەی بەوەشک رد، فوئاد حوسێن، جێگری سه‌رۆكوه‌زیران و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق پێشوازی له‌ ئیلینا رۆمانۆوسكی، باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق كردووە و، له‌ دیدارێكدا نامه‌یه‌كی گرنگی حكوومه‌تی ئه‌مه‌ریكای بۆ حكوومه‌تی عێراق پێ گه‌یاندووە.