وەزارەتی سامانە سروشتییەكان: مۆڵەتی هاوردەکردنی بەنزین بە بازرگانان دەدرێت
K24 – هەولێر:
وەزیری سامانە سروشتییەکان (بەوەکالەت)، بە مەبەستی دابینکردنی بەنزینی پێویست و زیادکردنی خستنەڕووی لە بازاڕەکانی هەرێمدا، لە فەرمانێکی وەزاریدا ڕێگەپێدانی بۆ هاوردەکردنی بەنزینی بازرگانی لە بازگەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ دەرکرد.
پێنجشەممە 5ـی ئەیلوولی 2024 ، کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەكان (بەوەکالەت) بە مەبەستی دابینکردنی بەنزینی پێویست و زیادکردنی خستنەڕووی لە بازاڕەکانی هەرێمدا، لە فەرمانێکی وەزاریدا، ڕێگەپێدانی بۆ هاوردەکردنی بەنزینی بازرگانی لە بازگەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ دەرکرد.
لە نووسراوەکەی وەزارتەی سامانە سروشتییەکاندا هاتووە، مەرجی هاوردەکردنی بنزینەکەش، دەبێت بەپێی رێنمایی و ئەو کوالێتییە بێت کە لە لایەن لێژنەکانی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت، کانزاکان و پارێزگاکان دیاری کراوە.
هەر ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سرووشتییەکان (بەوەکالەت)، کۆبوونەوەیەکی فراوان لەبارەی ئامادەکاری بۆ دابەشکردنی نەوتی سپی و دابەزاندنی نرخی بەنزین بەڕێوە چوو.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتەکە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرمانێکدا، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی ڕاسپاردووە دەست بە پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی و دابەزینی نرخی بەنزین بکرێت.
ئاماژە بەوەش کراوە، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە چۆنییەتی کەمکردنەوەی نرخی بەنزینی جۆری نۆرماڵ و هاوردەکردنی بەنزینی زیاتری بازرگانی و "لەم ڕووەوە دەست بە هەنگاوەکانی پرۆسەکە دەکرێت".
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیار درا شاندێکی وەزارەت سەردانی وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ بکات، بۆ "دیاریکردن و وەرگرتنی بەشی هەرێمی کوردستان لە نەوتی سپی و بەنزین و کۆمەڵێک پرسی پەیوەنداری دیکە".
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە زستانی ڕابردوو بە سەرکەوتوویی توانی بڕی سووتەمەنیی پێویست لە نەوتی سپی و بەنزین و غازی ماڵان بۆ پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان دابین بکات و بۆ وەرزی زستانی ئەمساڵیش دەست بە ئامادەکارییەکانی کراوە.