هەرێمی کوردستان و تورکیا تاوتوێی کردنەوەی دەروازەی نوێی سنووریی دەکەن
پارێزگاری دهۆک و باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، گفتوگۆ لەبارەی کردنەوەی دەروازەی نوێ لەنێوان هەردوولادا دەکەن بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی زیاتر بکەن.
پێنجشەممە5ـی ئەیلوولی 2024، عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک و گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، حەمید عەلی، سەرپەشتیاری دەروازەی ئیبراهیم خەلیل، لەگەڵ هۆشەنگ ئەحمەد ساڵح، بەڕێوەبەری کاروباری کۆماری تورکیا لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل، پێشوازییان لە ئانیل بورائینان، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق و ئەرمان تۆپچو، کونسوڵی تورکیا لە هەولێر کرد.
بەپێی راگەیاندراوی دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل، لە کۆبوونەوەیەکدا، پرسی کارکردنی هاوبەش لەپێناو زیاتر گەشەکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاتوچۆی بارهەڵگران بەشێوەی ترانزێت گفتوگۆ کران، هاوکات گفتوگۆ لەبارەی زیاترکردنی دەروازەکانی سنوریی لەنێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا کرا، هاوکات گفتوگۆ لەبارەی ئاسانکارییکردنی زیاتر بۆ گەشتیاران لەنێوان هەردوولادا خرایە بەر باس.