پۆلیسی هەولێر ئەو گەنجەی دەستگیر کرد کە لە بەردەم یانەیەکی شەوانە کەسێکی بریندار کرد
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئەو گەنجەیان دەستگیر کردووە کە لە کاتژمێر چوار و نیوی بەرەبەیان، لەبەردەم یەکێک لە یانەکانی شەوان تەققەی کردووە و کەسێکی بریندار کردووە، گەنجەکە دەڵێت: ئەمجارە ڕزگارم بێت، هەرگیز دەست بۆ کاری لەو شێوەیە نابەمەوە.
ئەو گەنجەی تەققەی کردووە تەمەنی 22 ساڵە و پێشینەی تاوانی هەیە، خۆی دەگێڕێتەوە و دەڵێت: لە بەردەم یەکێک لە یانەکانی شەوانە لە عەنکاوە، بە فیشەک لە کەسێکم دا، دەڵێت: کە لە یانە شەوانەکە هاتینە خوارەوە و دوو کەس بووین، ڕێگەیان لە ئێمە گرت و لێمانیاندا، چەقۆیان لێمان دەرهێنا، منیش بەرگریم لەخۆم کرد، سێ بۆ چوار فیشەکم لە بەر دەست و پێی خۆم تەقاند، مەبەستم نەبوو کە لێی بدەم، بەڵام گوللـەکە بەری کەوت.
دەشڵێت: شەوانە لە هەزار دۆلار بۆ 200 دۆلارم لەو یانە شەوانە خواردووە، دەڵێت: مۆبایلم دەکڕی، بە قەرز بە خەڵکیم دەدا و زیادەم لێیان وەردەگرت، بە قسەی خۆی دەڵێت: ئەو خێرەی لە مۆبایلەکانم دەکرد، شەوانە لە یانە شەوانەکان دەمخوارد.
دایک و باوکم وایان دەزانی لەلای هاوڕێکانمم، نەیاندەزانی دەچمە یانەکانی شەوانە، نەیان دەزانی لە کافتریا و ڕێستورانتەکان دانیشتووم.
دەشڵێت: زۆر پەشیمانم، پارەیەکی زۆرم لە یانەکانی شەوانە خەرج کردووە، ئەو کارانەی من کردوومە، داوا لە گەنجان دەکەم دووبارەی نەکەنەوە چونکە ژیانیان لەسەر دادەنێن و شوێنەکەی ئێستای من دەبینن، مەبەستی چاکسازییەکان بوو.
تۆمەتبار بەپێی ماددەی 405ـی یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراوە.
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر دەڵێت: دوای ئەوەی شوێنی تۆمەتبار دەستنیشانکرا، بە بڕێاری دادوەری لێکۆڵینەوە، پۆلیسی هەولێر توانی تۆمەتبار دەستگیر بکات، پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە و پێشکەشی دادگا کراوە، دەشڵێت: تۆمەتبار پێشینەی تاوانی هەیە و چەندین تاوانی دیکەی ئەنجام داوە.
داوای لە گەنجانیش دەکەن کە دەچنە شوێنە گشتییەکان ئاژاوە دروست نەکەن، لەهەر کێشەیەکیش پەنا نەبەنە بەر توندوتیژیی و بەکارهێنانی چەک، بەڵکو لەڕێگەی یاسا و پۆلیس کێشەکانیان چارەسەر بکەن.