پێشەوا هەورامانی: هەفتەی داهاتوو شاندێکی باڵای دارایی عێراق سەردانی هەولێر دەکات
K24 – هەولێر:
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، درەنگ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە پێچەوانەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بوو. دەشڵێت: دەبێت بەغدا پێش 15ـی ئەم مانگە مووچەی مانگی هەشت بنێرێت.
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی بەشداریی لە بەرنامەی ئێکسی کوردستان24ـدا، کە کۆڤان عیززەت، پێشکەشی دەکات، گوتی: مام جەلال و بافڵ تاڵەبانی زۆر لەیەکدی جیاوازن و زۆر لە یەکدییەوە دوورن، هەروەها بافڵ تاڵەبانی نەک تەنیا خوێندەوار نییە بەڵکو تەنیا شت کە خوێندبێتییەوە نووسراوی سەر قوتوی ڕێدبووڵە.
ناوبراو ئاماژەی بەوە دا، چۆن دەبێت حزبێک لە حکوومەت بێت بەڵام دژی ئەو پرۆژە و ئەو کارانە بێت کە حکوومەت بۆ میللەتی دەیکات، ئەوەی یەکێتی دەیکات هیچ حزبێکی ئۆپۆزیسیۆنیش نایکات.
هەورامانی دەڵێت: یەکێتی دەتوانێت گلەیی و داواکارییەکانی خۆی لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیراندا باس بکات نەک بێت لە مێدیاوە باسی بکات، بەڵام ئەوان لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەن تەنیا بەڵی و دەستخۆشی دەکەن.
باسی لەوەش کرد، یەکێتی لە حکوومەتداە و پۆست و دەسەڵاتیان هەیە، ئەگەر لە حکوومەتیش نازاڕییە و دژایەتی دەکات دەتوانێت بکشێتەوە و ببێتە ئۆپۆزیسیۆن.
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جەختی لەوە کردەوە، پارتی لە هەڵبژاردنی ڕابردوو زۆرینەی دەنگەکانی هێنا و ئارەزووی لێبایە بە تەنیا حکوومەتی پێک دەهێنا و یەکێتی دەکرد بە ئۆپۆزسیۆن.
پێشەوا هەورامانی، گوتی: هەر کەسێک لە هەڵبژاردنی ئەم جارە سەرکەوتنی بەدەست هێنا هەر پۆستێکی ویست پیرۆزی بێت، "باوەڕمان بە پرۆسەی دیموکراسی هەیە و باوەڕیشمان بەوە هەیە کە هەموو پردەکان نەڕووخێنین، چونکە دڵنیام دوای هەڵبژاردن یەکێتی لەگەڵ پارتی کۆدەبێتەوە و داوای پۆستی جێگری سەرۆکی حکوومەت دەکات."
سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا، یەکێتی تەنیا بۆ پڕکردنەوەی پۆستەکان لە حکوومەت بەشدارە بەڵام هاوبەشێکی باش نەبوو.
هاوکات گوتیشی: لە ئەنجوومەنی وەزیران هیچ بڕیارێکمان بەسەر یەکێدا نەسەپاندووە، بەڵام ئێمە پرۆژە ڕەت ناکەینەوە بەڵکو قاچاخی ڕەت دەکەینەوە. لەبارەی پارتییەوە، هەورامانی ڕایگەیاند، بڕیاردەرانی پارتی لەگەڵ گەندەڵی نین و هەوڵی نەهێشتنیشی دەدەن.
لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانەوە، پێشەوا هەورامانی، ئاشکرای کرد، درەنگ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە پێچەوانەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بوو. دەشڵێت: دەبێت بەغدا پێش 15ـی ئەم مانگە مووچەی مانگی هەشت بنێرێت.
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەش کردووە، هەفتەی داهاتوو شاندێکی باڵای دارایی عێراق سەردانی هەولێر دەکات، لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە. جەختی لەوەش کردەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان نییەتی چارەکردنی کێشەکانی هەیە.