وەزیری دارایی وەڵامی یەکێتی دەداتەوە
K24 – هەولێر:
وەزیری دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی گوتەبێژی یەکێتی دەداتەوە و دەڵێت: "کاک سەعدی بێ خەبەرە و زانیاری ناڕاستی پێدراوە، بۆیە دەڵێم لە بێ خەبەران کەشکەک سڵاوات".
لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە توندی وەڵامی گوتەبێژی یەکێتی دایەوە، سەبارەت بە پرسی دواکەوتنی مووچە و دەسەڵاتەکانی وەزارەتەکەی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتیدا.
وەزیری دارایی گوتی: "کاک سەعدی بێ خەبەرە و زانیاری ناڕاستی پێدراوە، بۆیە دەڵێم لە بێ خەبەران کەشکەک سڵاوات."
ئاوات شێخ جەناب، ڕایگەیاند: "جارێ نە ئاواتی شێخ جەناب خاوەنی لەشکر و هێزە و، نە وەزارەتی دارایی هێزی هەیە. لای ئێمەش ناو زیاد ناکرێت، ئێمە پەیوەستین بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران و یەک ناوی زیادە نانێرین، لەبەرخاتری چەند ناوێکی حزبی و کەسی مووچە و قوتی خەڵک بخەینە غەرغەرەوە. بۆیە پێشموایە دەبێت بە کاک سەعدی بڵێین، 'سیحەتت باشە؟' چونکە وانیە."
ڕۆژی 28ـی مانگی ئابی 2024 ، سەعدی پیرە، گوتەبێژی یەکێتی، لە وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، گوتی: یەکێتی نەبووەتە هۆی دواکەوتنی مووچە و زیادکردنی ناوی نوێ بۆ لیستی مووچە. لیستی مووچە وەزارەتی دارایی خۆی سەرپەرشتی دەکات و ئێمە بێبەرین لەو کارە، هاوکات ئەوە پارتیە وازناهێنیت لە زیاد کردنی ناوی نوێ.
ئاوات شێخ جەناب دەڵێت: "بەداخەوە" گوتەبێژی یەکێتی ئاگاداری وردەکارییەکانی کێشەکە نییە "یان ئەو کەسانەی ئەو زانیاریەیان بۆ کاک سەعدی گواستووەتەوە ڕەنگە ڕاستگۆ نەبووبن."
وەزیری دارایی لەوەڵامی تۆمەتبارکردنیشیان لەلایەن گوتەبێژی یەکێتییەوە بەوەی دەسەڵاتیان لە پارێزگای سلێمانی وەرگرتووەتەوە ڕایگەیاند: "زۆر سەیرە گوتەبێژ هاتبێت بۆ چاوپێکەوتن، بەڵام خۆی ئامادە نەکردبێت'' پێویستبوو پێش چاوپێکەوتنەکە کاک سەعدی هیچ نەبێت پرسیاری لە پارێزگار و سەرۆکی ئیدارە سەربەخۆکان و وەزیرەکانی حزبەکەی بکردایە، ئەوسا بۆی دەردەکەوت کە ئێمە دەسەڵاتمان لە سلێمانی وەرگرتووەتەوە یان پێچەوانەکەی ڕاستە.
گوتیشی: ئەوەی لە ماوەی ئەم 5 ساڵە ئێمە لە وەزارەتی دارایی بۆ هەماهەنگی نێوان پارێزگا و قەزا و ناحیەکان و وەزارەتەکان و نەهێشتنی جیاوازی و نادادپەروەری لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان کردوومانە لە هیچ کابینەیەک نەکراوە، بۆیە دیسانەوە بەکاک سەعدی دەڵێم، 'سیحەتت باشە ڕەوف؟".