سەنتەری میترۆ هەڵکوتانە سەر ناوەندی ڕۆشنگەری چاو‌دێر ئیدانە دەکات
ڕەحمان غەریب ڕێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە ڕۆژنامەنووسان و ئازادی ڕادەربڕین هەڵکوتانە سەر ناوەندی ڕۆشنگەری چاو‌دێر ئیدانە دەکات و دەڵێت "هەڵکوتانە سەر ناوەندە ڕۆشنفیکرییەکانی سلێمانی پێشێلکردنی ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی ڕۆژنامەگەرییە.
ڕەحمان غەریب تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 گوتی: سەنتەری میترۆ سەرکۆنەی هەڵکوتانە سەر دامودەزگاکانی چاودێری و ناوەندە ڕۆشنفیکرییەکان دەکات کە دامەزراوەی ڕۆشنبیری و دامەزراوەی فیکری شاری سلێمانین و کاریان دیالۆگی فیکری و شارستانییەتی شارەکە، هەڵکوتانە سەر ئەم دامەزراوانە پێشێلکردنی ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی ڕۆژنامەگەریشە.
کاتژمێر 5ـی ئێوارەی پێنجشه‌ممه، 5ـی ئه‌یلوولی 2024، هێزێکی کۆماندۆ هه‌ڵیانكوتایه سەر بارەگای سیاسەتمەدار و ڕۆشنگەر مەلا بەختیار و دەزگای ڕۆشنگەریی چاو‌دێر و بنکەی ڕووناکبیریی گەلاوێژ لە گردی ئەندازیاران له سلێمانی و دەستیان بەسەر تەواوی کەلوپەلی دەزگاکەدا گرت.
مەلا بەختیار "کوڕانی مام جەلال تاڵەبانی هاتوونە سەر حازری و بە نەخشە"
هەر لە بارەی هەڵکوتانە سەر ناوەندی ڕۆشنگەری چاو‌دێر، سیاسەتمەدار مەلا بەختیار لە پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "دوو ساڵ پێش چوارەمین کۆنگرەی یەکێتی هەستم بەوە کردبوو یەکێتی بەرەو ملهوڕی دەچێت، بەرەو تاساندنی هەموو جۆرە ئازدییەکان دەڕوات، هەروەها درکم کردبوو کە یەکێتی وردە وردە هەناسەی جوانی و سەربەستی کۆتایی پێ دەهێنێت".
هەر لە پەیامەکەیدا دەڵێ "کوڕانی مام جەلال تاڵەبانی هاتوونە سەر حازری و بە نەخشە، پیلان و کودەتا دەستیان بەسەر یەکێتیدا گرتووە و بیستوومه بافڵ تاڵه‌بانی بڕیاریداوه بچنه سه‌رماڵه‌كه‌م له خانه‌قین و هه‌روه‌ها ده‌یانه‌وێت باره‌گای چاودێرمان لێوه‌رگرنه‌وه".
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ "بەکارهێنانی هێزی ئەمنی جۆرێکە لە پێشێلکاریی بنەماکانی ئازادی ڕاو ڕەوتی ڕۆشنبیری"
هەروەها دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا وێڕای ئیدانەکردنی هەڵکوتانە سەر ناوەندی ڕۆشنگەری چاو‌دێر لە پەیامێکدا ئاماژەیداوە، ئەو هێزەی هەڵیکوتاوەتە سەر ناوەندەکە گوایە بە ناوی گەڕاندنەوەی ئەو شوێنەیە وەک موڵکی لایەنێکی دیاریکراو بەفەرمان چوونەتە سەر نووسینگەی ناوەندەکە، بەڵام چوون و بەکارهێنانی هێزی ئەمنی و دەست بەسەردا گرتنی کەلو پەلی تایبەت لەو شوێنە کە بنکەیەکی ڕۆشنبیرییە، دوورە لە بەکارهێنانی ڕێکاری یاسایی و دادگا‌و مەدەنییەت و ئەو مامەڵەیە گونجاو نیە، ئەوە جۆرێکە لە پێشێلکاریی بنەماکانی ئازادی ڕاو ڕەوتی ڕۆشنبیری.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ڕاشیگەیاندووە "هیوادارین بارودۆخەکە ئاسایی بێتەوەو پەل نەهاوێ بۆ کاردانەوەی دیکەو مافی کەسیی و خاوەنیی ئەو دەزگایەش پارێزراو بێت، هاوکات هەمووانیش پابەندبن بەیاسا و دادگا یەکلای بکاتەوە".
فەرەیدوون عەبدولقادر "سلێمانی به ده‌ستی سه‌رانی ئێسته‌ی یه‌كێتی بووه‌ته وێرانه"
هەر لە بارەی هەڵکوتانە سەر ناوەندی ڕۆشنگەری چاودێری لە سەنتەری شاری سلێمانی لەلایەن هێزێکی کۆماندۆوە، فه‌ره‌یدوون عه‌بدولقادر، سیاسه‌تمه‌داری كورد تایبه‌ت به كوردستان24 گوت" ئه‌وه‌ی به‌رانبه‌ر به مه‌لا به‌ختیار كراوه، كارێكی قێزه‌ونه و به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی سه‌رانی ئێسته‌ی یه‌كێتیی به‌رانبه‌ر به تێكۆشه‌ره‌كانی خۆیان بێوه‌فان، بەڵام تێكۆشه‌رانی یه‌كێتی له سه‌رانی ئێسته‌ی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ناترسێن، سه‌رانی یه‌كێتی ده‌نگی ڕۆشنبیری و ڕۆشنبیران ده‌خنكێنن.
فەرەیدوون عەبدولقادر گوتیشی: سلێمانی به ده‌ستی سه‌رانی ئێسته‌ی یه‌كێتی بووه‌ته وێرانه و به چ حه‌قێك یه‌كێتی خاوه‌نی گومرگ و بانكه‌كانه! په‌لاماردانی مه‌لا به‌ختیار ئه‌نجامێكی خراپی ده‌بێت، ئه‌وە‌ی به‌رانبه‌ر به مه‌لا به‌ختیار كراوه، یان كاڵفامی و نه‌زانییه سه‌رانی یه‌كێتییه، یانیش دژایه‌تیكردنی یه‌كێتییه بۆ ئه‌وه‌ی له هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌ماندا شكست بهێنێت و ده‌نگه‌كانی بدۆڕێنێت.