دواجار هانتەری کوڕی جۆو بایدن دانی بەهەموو تاوانەکانی نا

هانتەر، کوڕی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن، ڕۆژی پێنجشەممە، بە فەرمی دانی بە تاوانەکەیدا نا لە هەر 9 تۆمەتی ساختەکردنی باج، ئەمەش لە دادگاییکردنێکی نوێ ڕزگاری بوو، سەرەڕای ئەوەی لەگەڵ داواکاری گشتی هیچ ڕێکەوتنێکی نەبووە بۆ کەمکردنەوەی سزاکە.

هانتەر بایدن لە دادگای فیدراڵی لە لۆس ئەنجلۆس ئامادە بوو، لەوێ دادوەر مارک سکارسی 9 تۆمەتی دژ بە خۆی خوێندەوە، تۆمەتبارەکە وەڵامی دایەوە کە تاوانبارە لە هەموویاندا.

ئەو تۆمەتانە دەتوانرێت 17 ساڵ زیندانی و 1 ملیۆن دۆلار سزای پێبژاردن بکرێت، دادوەر دانیشتنی دادگاییکردنەکەی بۆ 16ـی کانوونی یەکەم دیاری کرد.

هانتەری تەمەن 54 ساڵ تۆمەتبارکراوە بەوەی لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا بڕی 1.4 ملیۆن دۆلاری باجی نەداوە، پارەکەی بۆ خۆشگوزەرانی، سێکس و ماددە هۆشبەرەکان خەرج کردووە.   

ڕۆژی پێنجشەممە، پارێزەرەکەی هانتەر بایدن بە دادگای گوت، بریکارەکەی ئامادەیە دان بە تاوانەکەیدا بنێت، بەڵام شێوەیەکی یاسایی ئەمەریکا بەکاردەهێنێت، کە ڕێگە بە تۆمەتبار دەدات دان بە تاوانەکەیدا بنێت و لەهەمانکاتدا بێتاوانی خۆی بسەلمێنێت.

بەڵام داواکاری گشتی پێشنیارەکەی ڕەتکردەوە و گوتی پێی باشە دادگاییکردنەکە ئەنجام بدرێت.

لەبەرامبەردا هانتەر بایدن، پارێزەرەکەی ئاگادارکردەوە لە بڕیارەکەی بۆ داننان بە تاوانەکەی، بەبێ ئەوەی هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ داواکاری گشتی بکات بۆ سووککردنی سزاکەی.

ئەم هەنگاوە کوڕەکەی سەرۆکی ئەمەریکا لە دادگاییەکی نوێی ئابڕووبەر دوور دەخاتەوە، دوای ئەو دادگاییەی کە لە دیلاوێر بەسەریدا تێپەڕی، کە تێیدا بە تاوانی درۆکردن دەربارەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و کڕینی چەک تۆمەتبار کرا.