سێرڤەری بانکی ناوەندی و زیاتر لە 20 بانکی ئێران هاک کرا

گۆڤارێکی ئەمەریکی زانیاریی ڕێککەوتنی حکوومەتی ئێران و گرووپێکی هاککەر ئاشكرا دەکات، کە سیستمی بانکی ئێرانیان هاککردووە و لە بەرانبەر پێدانی 10 ملیۆن دۆلار ڕازی بوون زانیارییەکان لە دارک وێبدا نەفرۆشنەوە.

لە گەورەترین هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر بانکەکانی ئێران، سێرڤەری بانکی ناوەندی و زیاتر لە 20 بانکی ئەو وڵاتە هاککران و زانیارییە داراییەکانی ملیۆنان خەڵکی ئێران کەوتە دەست گرووپی هاککەرەکان.

گۆڤاری پۆلێتیکۆی ئەمەریکی لە ڕاپۆتێکدا نهێنییەکانی ئەو هێرشە سایبەرییەی ئاشکراکردووە و بڵاویکردووەتەوە، هێرشەکە سێ هەفتە لەمەوبەر کراوە و گرووپی ئای ئار لێکس لە ڕێگەی کۆمپانیایەک بە ناوی تەوسەن توانیویانە بچنە ناو سێرڤەرەکانی بانکەکان و دەستیان بە زانیارییە پارێزراوەکان ڕابگات.

لەو هێرشەدا 20 بانک لە 29 بانک و دامەزراوەی دارایی ئێران سیستمەکانیان هاککراوە، هەرچەندە حکوومەتی ئێران بە فەرمی هێرشەکەی پشتراست نەکردووەتەوە بەڵام دوای هێرشەکە سەرجەم بانکەکان ناچار بوون، کارپێکردنی ئامێرەکانی ئەی تی ئێم لە سەرانسەری ئێران ڕابگرن.

گرووپی هاککەری ئای ئاڕ ئێکس کە پێشتریش هێرشی کردبووە سەر سێرڤەرەکانی 20 کۆمپانیای بیمەی ئێران و زانیارییەکانیانی بڵاوکردبووەوە، ئەمجارەیان بە هاککردنی سیستمی دارایی بانکەکانی ئێران هەڕەشەی کردووە ئەگەر حکوومەتی ئێران بڕی 10 ملیۆن دۆلار پارەی ئەلیکترۆنی بە گرووپەکە نەدات، ئەوا تەواوی زانیارییە داراییەکان لە دارک وێبدا دەفرۆشێتەوە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی پۆلێتیکۆ، حکوومەتی ئێران نیگەران بووە لە بڵاو بوونەوەی هەواڵی ئەم هێرشە ببێتە هۆی نەمانی متمانەی خەڵکی وڵاتەکە بە سیستمی بانکی و ڕاکێشانەوەی پارەکانیان لە هەژمارە بانکییەکان، بەمەش بە هەزاران ملیار تومەن لە بانکەکان دەردە‌هێنرێت و لێکەوتەکەشی دارمانی یەکجاریی سیستەمی بانکی ئێرانی لێدەکەوتەوە.

پۆلیتیکۆ ئاشکرایکردووە، کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ئەوەی دۆخەکە نەزرنگێتەوە بە دزی و نهێنییەوە لەگەڵ گرووپە هاککەرەکە ڕێککەوتووە و کۆمپانیای تەوسەنی ناچار کردووە سێ ملیۆن دۆلار باج بدات بە هاککەرەکان، بۆ ئەوە هەم زانیارییەکان بڵاو نەکرێنەوە هەم متمانە بۆ سیستمی بانکی بگەڕێنێتەوە.