کچەکەی ئەیاد عەلاوی دەبێتە ڕاوێژکاری سوودانی

سارە ئەیاد عەلاوی لەگەڵ ئەیاد عەلاوی باوکی (وێنە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک)
سارە ئەیاد عەلاوی لەگەڵ ئەیاد عەلاوی باوکی (وێنە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک)

سارە ئەیاد عەلاوی جێگری ئەمینداری گشتیی حزبی ویفاقی نیشتمانی عێراقی بوو بە ڕاوێژکاری محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی.

سارە کە لە حزبەکەی باوکی پلەی جێگری ئەمینداری گشتیی هەیە، بە بۆنەی دەستبەکاربوونی لە پۆستە نوێیەکەیدا لە حکوومەتی عێراق، لەلایەن بارەگای گشتیی حزبی ویفاق پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستە کراوە و تێیدا هاتووە، سەرکردایەتی و سەرجەم ئەندامانی حزبەکەی هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازن لە ئەرکە نوێیەکەیدا لە نزیک سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ خزمەتکردنی خەڵکی عێراق.

هەروەها هیواخوازن سارە بۆ هەمیشە لەسەر ڕێکچەی ئەیاد عەلاوی باوکی بەردەوام بێت کە ئەمینداری گشتیی حزبی ویفاقی نیشتمانی عێراقە.

سارە ئەیاد عەلاوی لە دایکبووی 1989یە، نۆبەرەی خێزانەکەیەتی و لە حزبەکەی باوکی پلەی جێگری ئەمینداری گشتییە و بەرپرسی دۆسیەی لاوانە، هەروا سەرۆکی ڕێکخراوی  بە یەکەوەیە بۆ هاوکاریی مرۆیی، ئەو کاتەی ئەیاد عەلاوی جێگری سەرۆککۆماری عێراق بوو، سارە ڕاوێژکاری باوکی بووە.