کرماشان.. ڕووباری قەرەسوو لە سیمایەکی جوانەوە و بۆ سەرچاوەی هەراسانی

kurdistan24.net

ڕووباری قەرەسوو کە گەورەترین ڕووباری پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و بە ناو سەنتەری شاری کرماشاندا تێدەپەڕێ چەند ساڵێکە لە وەرزی هاویندا وشک دەبێ، بەڵام بەهۆی تێکەڵبوونی زێراب و ئاوەڕۆی بەشێک لە گەڕەکەکان و کارگە پیشەسازییەکان بونێکی ناخۆش خەڵکی شارەکەی هەراسان کردووە و ترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیشی لێدەکرێت.

ڕووباری قەرەسوو کە گەورەترین ڕووباری پارێزگای کرماشانە، سەردەمانێک پڕ ئاوترین ڕووباری پارێزگاکە بوو، چەند ساڵێکە بە هۆی وشکەساڵی و کەمئاوی و ڕاکێشانی ئاوێکی زۆر لە سەرچاوەکانی ڕووبارەکە بۆ خواردنەوە و کشتوکاڵ، ڕووبارەکەی لە وەرزی هاویندا وشک کردووە.

وشک بوونی ڕووبارەکە لە کاتێکدایە کە لە هەر چرکەیەکدا سێ مەتر سێجا زێرابی بەشێک لە گەڕەکەکانی شار و ئاوەڕۆی کارگە پیشەسازییەکان دەڕژێتە ناو ڕێڕەوی ڕووبارەوە و ئەمەش بۆنێکی ناخۆشی بڵاوکردووەتەوە و مەترسیی بڵاو بوونەوەی پەتا و نەخۆشیی زیاد کردوو.

هاووڵاتییەک دەڵێ "ئەگەر بەردەوام ئاوەڕۆکی ماڵان و کارگە پیشەسازییەکان بڕژێتە نێو ڕووبارەکە و خەڵکی هەروا کەمتەرخەم بن، ئێستا ئەو ئاوەڕۆیە وەک گۆماوی لێهاتووە و بەهۆی کاریگەری تینی هەتاو و گەرماوە بۆنێکی ناخۆشی بەسەر ناوچەکەدا بڵاوکردووەتەوە و خەڵکی هەراسان کردووە".

ئەم گەناوە جیا لە مەترسییەکانی بۆ سەر تەندروستیی گشتی لە ڕێگەی پیسکردنی ئاوی ژێر زەوییەوە، بۆنێکی ناخۆشیشی هەیە کە گەڕەکەکانی نزیک ڕووبارەکەی بێزار کردووە. هەرچەندە لە کەنارەکانی رووباری قەرەسوو نزیک بیتەوە، بۆنی ناخۆشی ئەو گەناو و ئاوەڕۆ و زێرابانەی دەڕژێنە ناو ڕووبارەکەوە، زیاتر دەبێت.

هاووڵاتییەکی دیکەش دەڵێ "نەک هەر ئاوەڕۆی گەڕەکەکان، بەڵکو ئاوی زێرابی کارگە پیشەسازییەکانی تێدا دەڕژێت، ئەمەش بۆنێکی زۆر ناخۆشی دروستکردووە و هەوای گەڕەکەکانی دەوروبەری ڕووبارەکەی بە تەواوی پیسکردووە، شەو تاوەکوو بەیانی خەڵکی لەبەر بۆنی ناخۆشی قەرەسوو چاویان ناچێتە خەو، نە حکوومەت و هیچ کەسێکیش خۆی لێی بە خاوەن ناکەن و چارەی دۆخەکە ناکەن".

پازدە ساڵ لەمەوبەر بەردی بناغەی پرۆژەیەکی گەشتیاری لە کەنار ڕووباری قەرەسوو لە ناو شاری کرماشان دانرا. ئەم پڕۆژەیە پارکێکی گەورە، ڕێستوورانت، شوێنی وەرزش و پیاسەی هاووڵاتیان، شوێنی تایبەتی پاسکیل سواری، کەپر و مێز و کورسی بۆ گەشتیارانی لە خۆ دەگرت. بەڵام پڕۆژەیە بە نەبوونی بودجە فەرامۆش کرا، پاڵاوگەی زێرابی کرماشانیش هەر بە هۆی تەرخان نەکردنی بودجەوە دروست نەکراوە و لەم نێوەدا ڕووباری قەرەسوو و دانیشتوانی کرماشان بوونەتە قوربانیی بێ پلانی و تەرخان نەکردنی بودجە بۆ پڕۆژەکان لە لایەن حکوومەتەوە.