یاسین ساڵح: کابینەی نۆیەم کوالێتی خوێندنی بۆ ئاستێکی بەرزتر بردووە
K24 – هەولێر:
بەڕێوەبەرێکی گشتی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئاماژە بەوە دەکات، کردنەوەی زانکۆی نێودەوڵەتیی سەرمایەی زانستی لە هەرێمی کوردستان دەپارێزێت.
یاسین ساڵح، بەڕێوەبەری گشتیی نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لەمیانەی بەشداریی لە ژووری هەواڵی کوردستان24ـدا، گوتی: کردنەوەی ناوەندە جۆراوجۆرەکانی خوێندن گرنگییەکی زۆری هەیە، لەم کابیەنەیەدا کارێکی جیددی کراوە بۆ چارەکردنی کێشەکان و هەوڵ دراوە کوالێتی خوێندن بەرەو ئاستێکی باشتر ببرێت.
ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە دەڵێت: کردنەوەی زانکۆ نێودەوڵەتییەکان لە هەرێمی کوردستان وا دەکات ئاستی زانستی قوتابییانی هەرێم بەرز ببێتەوە، ئەمەش دەرفەتێکە کە قوتابییان لەبری بچنە دەرەوە بۆ خوێندن لە وڵاتی خۆیان بخوێنن بە هەمان کوالێت و ئاستی خوێندنی نێودەوڵەتی.
ناوبراو باسی لەوەی کرد، ئەو شارانەی هەرێمی کوردستان کە زانکۆی لێ کراوەتەوە، کاریگەریی کردووەتە سەر ئاستی زانستی، ڕۆشنبیری و کولتووری هاووڵاتییان، زانکۆ گۆڕانکاری گەورە دروست دەکات و زانکۆ ناوەندیی بیرکردنەوەیە.
یاسین ساڵح، گوتی: کردنەوەی زانکۆ بووژانەوەیەکی گەورەی ئابووریی دروست دەکات و وا دەکات خەڵکی دەرەوەی هەرێمی کوردستانیش بۆ خوێندن ڕوو لە زانکۆکانی هەرێم بکەن.
هاوکات جەختی لەوەش کردەوە، کردنەوەی زانکۆی نوێ لە هەرێمی کوردستان وا دەکات زانکۆکان لە کێبڕکێی زانستی دابن، هەر ئەمەش بووەتە هۆکاری ئەوەی ڕانکی زانکۆکانی هەرێم بەرز بێتەوە.
لەبارەی ڕەخساندنی هەلی کار بۆ دەرچووانی زانکۆ، ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە، دووپاتی کردەوە، هەوڵیانداوە لە زانکۆ قوتابییان ئامادە بکەن بۆ بازاڕی کار و فێری کارامەیی زیاتریان بکەن بۆ ئەوەی دوای تەواوکردنی زانکۆ دەرفەتی کاریان بۆ بڕەخسێت.