هێمن سەید موراد: جگە لە تەماتە هەموو بەرهەمە ناوخۆییەکان بە ڕێژەی سەدا 40 بەراورد بە پار زیادیان کردووە
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ڕایگەیاند، تاکوو ئێستە پشتمان بە بەرهەمی ناوخۆ بەستووە، جگە لە تەماتە هەموو بەرهەمە ناوخۆییەکان بە ڕێژەی40% بەراورد بە پار، زیادیان کردووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 9ـی ئەیلوول 2024، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەمساڵ بەرهەمی پیاز نزیکەی 70 هەزار تۆن بووە، لەو بەرهەمە 45 هەزار تۆنی لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان بە بازاڕ کراوە و زیاتر لە 25 هەزار تۆنیش لە ناوخۆی هەرێم بە بازاڕ کراوە.
ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت: ئەو بەرهەمە تەواو پێداویستی ناوخۆی پڕ کردووەتەوە و تاکوو ئێستە پشتمان بە بەرهەمی ناوخۆ بەستووە.
دەشڵێت: ئەگەر لە شوێنێک هەست بکەین کەوا بە قاچاخ، یاخود بە شیوەیەکی نایاسایی هاوردە بکرێت ئەوا ئێمە ڕێکاری یاسایی دەگرینەبەر لە بەرامبەر ئەو کەسەی کەوا یاسا پێشێل دەکات.
سەید موراد ئەوەشی خستە ڕوو، بەرهەمی پیاز توانییویەتی پێداویستی ناوخۆ پڕبکاتەوە. نرخی ئەو بەرهەمەش لە عەلوەی هەولێر لە نێوان 500 بۆ 600 دینارە، بەڵام تا دەگاتە دەست هاووڵاتیی نرخکەی دەبێتە کەمتر لە هەزار دینارە.
هێمن سەید موراد باسی لە گران بوونی نرخی پیاز کرد و گوتی: پیاز بەو ڕێژە زۆرە گران نەبووە بەو ڕێژەییە کە کاریگەری هەبێت، بەڵام ئێستە ئەو بەرهەمە بەرەو کەمی دەچێت، هاوردەکردنیش قەدەغەیە، بەرهەمەکە بە بەراورد بە سێ هەفتە کەمتر لە بازاڕ هەیە، خواستیش لەسەری زۆرە ئەوە هۆی گرانبوونە.
ڕاشیگەیاند، ئێمە چاوەڕوان دەکەین بزانین ئەو بەرهەمەی هەیە دەتوانێت پێداویستی ناوخۆ پڕبکاتەوە، یاخود دەبێت چارەیەکی بۆ بدۆزرێتەوە.