ئەمڕۆ یەکێک لە گەرمترین ڕۆژەکانی ساڵ دەبێت

بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشانسی ئەمڕۆ پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە و کەشناسێکیش دەڵێت: ئەمڕۆ یەکێک دەبێت لە گەرمترین ڕۆژەکانی ساڵ.

بەشی پێشبینییەکان لە بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ سێشەممە 10ی ئەیلوولی 2024، ئاسمان لەنێوان ساماڵ و پەڵە هەورودا دەبێت و پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە.

سیروان ساڵح، شارەزای کەشناسی سەبارەت بە پێشبینییەکان بۆ کەشوهەوای ئەمڕۆ ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ یەکێک دەبێت لە گەرمترین ڕۆژەکان، بەشێوەیەک لە زۆربەی ڕۆژەکانی مانگی تەمووز و ئاب گەرمتر دەبێت".

ئەو شارەزاییەی کەشناسی ئاماژەی بەوەش کردووە "بەرزترین کاتی گەرمای ئەمڕۆ لە کاتژمێر 11ی بەیانی تا 5ی ئێوارە دەبێت".