ئۆنروا: ئەمساڵ زیاتر لە 600 هەزار قوتابی کەرتی غەززە لە خوێندن بێبەش دەبن
ئاژانسی فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستین 'ئۆنروا' ڕایگەیاند، زیاتر لە 600 هەزار قوتابی لە غەززە بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە لە خوێندن بێبەشدەبن.
ئاژانسی ئۆنروا، لە بەیەننامەیەکدا ڕایگەیاند، خوێندن لە 200 قوتابخانەی کەرتی غەززە بەردەست نییە، بەو پێیەی بەشێکی زۆری ئەو قوتابخانانە وەکو پەناگە بۆ ئاوارە فەڵەستینییەکان بەکار دەهێنرێن، لەکاتێکدا ژمارەیەکی دیکەیان بەهۆی بۆمبارانی ئیسرائیلەوە لەناوچوونە.
ئۆنروا ئاماژەی بەوەش دا، تیمەکانیان تا ئێستاش چالاکیی وەرزشی و پشتگیریی دەروونی و کۆمەڵایەتی لە هەندێک لە قوتابخانەکاندا پێشکەش خەڵکی غەززە دەکەن.
ڕوونیشی کردەوە، منداڵان لەکەرتی غەززە بەدەست خراپترین قەیرانی مرۆیییەوە گرفتارن، لەوانەش مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، هەرروەها هەوڵەکان بەردەوامن بۆ کوتانی منداڵان دژی ئیفلیجی.
نووسینگەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوئاهەنگیی کاروباری مرۆیی دەڵێت: قۆناغی دووەمی هەڵمەتی کوتانی ئیفلیجی منداڵان ڕۆژی یەکشەممە لە باشووری غەززە کۆتایی پێهات، ئەوەشی خستەڕوو، لە قۆناغی دووەمی هەڵمەتەکەدا، لە ماوەی چوار ڕۆژدا لە خان یونس و ڕەفەح زیاتر لە 256 هەزار منداڵی خوار تەمەنی 10 ساڵیان کوتاوە.
باسی لەوەش کرد، خولی یەکەمی هەڵمەتەکە نزیکەی لەسەدا 70ـی تەواو بووە، زیاتر لە 446 هەزار منداڵ لە کۆی 640 هەزار منداڵ کوتراون.
لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و 1200 کەسیان کوشت، هەروەها زیاتر لە 250 کەسیش بەبارمتە گیران کە زیاتر لە 130 یان ئازاد کراون و ژمارەیەکیش کوژراون، لەبەرامبەردا ئیسرائیل بە چڕی هێرشی کردە سەر کەرتی غەززە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 100 هەزار کەس کوژران و برینداربوون.
وهزارهتی تهندروستیی غهززه ئاماژهی بهوه كرد، بههۆی هێرشه بهردهوامهكانی ئیسرائیلهوه ژمارهی كوژراوان بۆ 40 ههزار و 988 كهس بهرز بووهتهوه. هاوكات، ژمارهی برینداران گهیشتووهته زیاتر له 94 ههزار و 825 كهس. ڕوونیشی كردووهتهوه 70%ـی قوربانییهكان منداڵ و ئافرهتن.