کەرکووک.. شەڕ لە نێوان "داعش" و هێزە ئەمنییەکان ڕوویدا و قوربانی هەیە
لە گوندێکی سەر بە کەرکووک شەڕ لە نێوان "گرووپێکی داعش" و هێزە ئەمنییەکان ڕووی دا و بەهۆیەوە، چەکدارێک کوژرا و سێ ئەندامی هێزە ئەمنییەکان بریندار بوون.
سەرچاوەیەکی ئەمنی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، نزیکەی کاتژمێر 08:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 11-09-2024، لە گوندی سێکانیانی سەر بە کەرکووک؛ شەڕە تەقە لە نێوان گرووپێکی سەر بە "داعش" و هێزە ئەمنییەکانی پارێزگاکە ڕووی دا.
هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک ڕایگەیاند، لە ئەنجامی شەڕە تەقەکە چەکدارێک کوژراوە، دووانیان دەستگیرکراون و یەکێکیان هەڵاتووە؛ لە بەرانبەردا، سێ ئەندامی هێزە ئەمنییەکان بریندار بوون.
بە گوتەی پەیامنێری کوردستان24، گرووپە چەکدارەکەی سەر بە داعش؛ خۆیان لە نێو خانووەکی گوندەکەدا حەشاردابوو.
پەیامنێری کوردستان24 باسی لەوەش کرد، هێزە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەیان لە ڕووداوەکە دەست پێ کردووە و گەمارووی خانووەکەی گوندی سێکانیانیان داوە.