بەریتانیا: بۆ بنیاتنانی سوپایەکی یەکگرتووی نیشتمانیی پشتیوانتان دەبین
ڕاوێژکاری باڵای بەرگریی دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا دەڵێت: پێشمەرگە ڕۆڵی باڵای هەبووە لە ڕووبەرووبوونەوە و تێکشکاندنی تیرۆر لە ناوچەکەدا. دەشڵێت: دڵخۆشین دەبیستین هەوڵ و ئامانجی ئێوە بۆ بنیاتنانی سوپایەکی یەکگرتووی نیشتمانییە لەم پێناوەدا پاڵپشت و پشتیوانتان دەبین.
وەزارەتی پێشمەرگە بڵاوی کردەوە، چوارشەممە 11ـی ئەیلوولی 2024، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی باڵای سەربازیی شانشینی بەریتانیا بە سەرۆکایەتیی ئەدمیراڵ ئیدوارد ئاڵگرین، ڕاوێژکاری باڵای بەرگریی دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا کرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتەکە، لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەفسەرانی پلە باڵای وەزارەتی پێشمەرگە ئامادەبوون، وەزیری پێشمەرگە بە گرنگییەوە باسی لە چەند بابەتێکی پڕبایەخ کرد، تایبەت پرۆسەی چاکسازیی لە وەزارەتی پێشمەرگە و ڕایگەیاند: پرۆسەی چاکسازیی سەرکەوتووانە هەنگاو دەنێت، لە پێناو بنیاتنانی سوپایەکی یەکگرتووی کوردستانی، تا ببێتە پارێزەری ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە و عێراق و هەرێمی کوردستان بە پاڵپشتی پشتیوانیی بەردەوامی بەریتانیا و وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.
ئەدمیرال ئێدوارد، هێزی پێشمەرگەی کوردستانی بە قارەمان و پارێزەری ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە ناوزەند کرد و گوتی: پێشمەرگە ڕۆڵی باڵای هەبووە لە ڕووبەرووبوونەوە و تێکشکاندنی تیرۆر لە ناوچەکەدا. گوتیشی: دڵخۆشین دەبیستین هەوڵ و ئامانجی ئێوە بۆ بنیاتنانی سوپایەکی یەکگرتووی نیشتمانییە، لەم پێناوەدا پاڵپشت و پشتیوانتان دەبین.