بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بۆ پزیشکیان: ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکەمان دەوێت

کۆبوونەوەی سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان
کۆبوونەوەی سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان

سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیان تاوتوێ کرد.

نزیکەی کاتژمێر 08:15 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12-09-2024، مەسعود پزیکشیان، سەرۆککۆماری کۆماری ئیسلامیی ئێران گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لە لایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لێ کرا.

سەرۆککۆماری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان؛ لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی هەرێم کۆ بووەوە. دواتریش بە جیا لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆ بووەوە.

سەرچاوەیەکی باڵا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە کۆبوونەوەکانی نێوان سەرۆککۆماری کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان "پەیوەندییە مێژوویی، ئابووریی، بازرگانی و فەرهەنگییەکانی نێوان هەردوولا تاوتوێ کراون".

بە گوێرەی ئەو سەرچاوەیەی بۆ کوردستان24 قسەی کردووە، بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بۆ سەرۆککۆماری ئێرانیان دووپات کردووەتەوە، "هەرێمی کوردستان ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکەی دەوێت".

دوێنێ چوارشەممە، 11-09-2024، پزیکیشیان گەیشتە بەغدا و بە جیا لەگەڵ د. لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق؛ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرپرسانی دیکەی حکوومی و حزبیی عێراق کۆ بووەوە.

ئەمە یەکەم سەردانی مەسعود پزیشکیانە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دوای ئەوەی لە 19ـی تەمموزی ڕابردوو، بووە سەرۆککۆماری نوێی ئیسلامیی ئێران.

پێشتر بڕیار بوو، سەرۆککۆماری کۆچکردووی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئیبراهیم ڕەئیسی، سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات، بەڵام ئەو لە ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەیدا گیانی سپارد.

هەرێمی کوردستان و کۆماری ئێسلامیی ئێران، سنووری هاوبەشیان پێکەوە هەیە و سێ دەروازەی فەرمی و چەند دەروازەیەکی دیکە لەنێوان هەردوولادا هەن، بۆیە هەردوولا هەوڵ دەدەن پەرە بە پەیوەندییە بارزگانییەکانی نێوانیان بدەن.