کۆمیسیۆن: دوای پەسەندکردنی لیستەکانی پاڵوێراوان وادەی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن ڕادەگەیەنرێت
K24 – هەولێر:
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، دوای پەسەندکردنی لیستەکانی پاڵوێراوان لە لایەن ئەنجوومەنی کۆمیسیارانەوە وادەی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن ڕادەگەیەنرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ـی ئەیلوولی 2024، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەمیانەی ڕاگەیاندراوێکدا هەموو لایەک ئاگادار دەکاتەوە، کە دوای پەسەندکردنی لیستەکانی پاڵوێراوان لە لایەن ئەنجوومەنی کۆمیسیارانەوە وادەی دەستپێکردنی بانگەشە بۆ هەڵبژادنی پەرلەمانی کوردستان ڕادەگەیەنرێت.
چوارشەممە 11ـی ئەیلوولی 2024 جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بەگوێرەی ماددەی 2ـی کۆمیسیۆن، هەموو پارت و هاوپەیمانییە سیاسییەکان و ئەو کاندیدانەی لەلایەن کۆمسیۆنەوە پەسەند کراون، دەتوانن یەک ڕۆژ دوای پەسەندکردنیان بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیان دەست پێ بکەن.
ئاماژەی بەوەش کرد، بانگەشەی هەڵبژاردن لە سنووری یاسا و ڕێکخستنە گشتییەکان ئازادە، گوتیشی: هەر بەگوێرەی یاسا، کۆمیسیۆن بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەو شوێنانە دیاری دەکات کە بانگەشەی هەڵبژاردن و پۆستەر و ڕێکلامیان تێیدا قەدەغەیە، بەدرێژایی ماوەی بانگەشە.
غەلای ڕاشیگەیاند، کاندید و لایەنە سیاسییەکان و هاوپەیمانییەکان دەبێت لە ماوەی (30) ڕۆژدا لە ڕۆژی دوای هەڵبژاردنەوە سەرجەم پۆستەرەکانی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن لاببەن، بە پێچەوانەوە پۆستەرەکان لادەبرێن و تێچووی لابردنی سەرپێچیەکانیش لەو بیمە دەگێردرێتەوە کە دایان ناوە.
لەسەر وادەی دەست پێ کردنی بانگەشەی هەڵبژاردن، پێشتر بەرپرسی ئۆفیسی دهۆک لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق، خالد عەباس بە کوردستان24ـی گوتبوو، بانگەشەی هەڵبژاردنی بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 16ـی ئەیلوولی 2024 دەست پی دەکات تاوەکو 24 کاتژمێر پێش هەڵبژاردن بەردەوام دەبێت.