نێچیرڤان بارزانی: چیرۆکی کۆریا بە مرۆڤایەتی دەڵێت: هەمیشە دەرفەت هەیە هیچ نەتەوەیەک لە دواوە نەمێنێتەوە

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان

نێچیرڤان بارزانی لە ڕێوڕەسمی 20 ساڵەی دۆستایەتی کوردستان و کۆریای باشوور لە هەولێر گوتی: چیرۆکی کۆریا بە ئێمە و مرۆڤایەتی دەڵێت: ئەگەر ئیرادە و خواست و پێشکەوتن و وەبەرهێنان لە سەر مرۆڤ و پەرەپیدان بە مرۆڤەکان هەبێت، هەمیشە دەرفەت هەیە کە هیچ گەل و نەتەوەیەک لە دواوە نەمێنێتەوە.

بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، چۆی سونگ سوو، باڵیۆزی کۆریای باشوور لە عێراق، ڕێوڕەسمی 20 ساڵەی دۆستایەتی کوردستان و کۆریای باشوور لە هەولێر بەڕێوەچوو.

پێنجشەممە 12ـی ئەیلوولی 2024، بە ناونیشانی دۆستایەتی لە زەیتوونەوە بەرەو گەشەسەندن، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، چۆی سونگ سوو، باڵیۆزی کۆریای باشوور لە عێراق، ڕێوڕەسمی 20 ساڵەی دۆستایەتی کوردستان و کۆریای باشوور لە هەولێر بەڕێوەچوو.

لەچوارچێوەی ڕێوڕەسمەکەدا، فیلمێکی دیکۆمێنتاریی کە بە نیشاندانی هێزەکانی کۆریای باشوور دەستی پێکرد لەگەڵ پرۆژەکانی لە هەرێمی کوردستان لە سێکتەرە جیاوازەکاندا، ئاماژەی بەوە کرد کە بەر لە 20 ساڵ بە دووری سەدان هەزار کیلۆمەتر هاتنە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، هاوکات فیلەمەکە ئاماژەی بە هاوبەشییەکان کرد لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پرسە مرۆییەکان کە ڕۆڵی گرنگییان هەبووە.

یەکێ لە ئاژانسەکانی حکوومەتی کۆریا، ئاژانسی کۆیکایە کە چەندین پرۆژەیان لە هەرێمی کوردستان لە بواری پەروەردە و تەندروستی و دیجیتاڵی و خزمەتگوزارییەکانی دیکەی وەکو پرۆژەی ئاو جێبەجێ کردووە.

دروشمی ئەوان( ئێمە دۆستی ئێوەین) بوو لە هەرێمی کوردستان، هەمیشە لە پرۆژەکانیان وەک دۆست مامەڵەیان دەکرد.

فیلمەکە ئاماژەی بەو کۆریانە کرد کە بەهۆی خۆشەویستییان بۆ کوردستان، فێری زمانی کوردی بوونە و تێکەڵ بە کلتووری کوردیی بوونە، هەر لەبەر ئەوەش جگەلەوەش بە سەدان هەزار دار زەیتوونیان چاندووە.

لە ڕێوڕەسمەکەدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا گوتی: ئەو یادە و پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆریا بۆ ئێمە جێی بایەخێکی زۆرە، بەر لە 20 ساڵ هیچ پەیوەندییەک لەنێوانماندا نەبوو، ئاماژەی بەوە کرد کە، یەکەم تیمی زەیتون هاتن بۆ هەولێر، هاتنی ئەو تیمە بووە سەرەتای پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، چونکە بوونە بەشێک لە هاوپەیمانێتی ێودەوڵەتی بۆ ئاوەدانی عێراق، ئەرکی ئەو تیمە مرۆییانە بوو بۆ هاوکاریی بنیاتنرا، نێچیرڤان بارزانی گوتی: ئەوان وەک دۆست بەناوی زەیتوون هاتنە کوردستان، خەڵکی کوردستان ئەو دەستەواژەیان لەبیرە کە دەڵێن، ئێمە دۆستی ئێوەین، خەڵکی کوردستان بە وڵاتی کۆریا ئاشنا بوون، تیمی زەیتوون پشتیوانیی مرۆیی خەڵکی کوردستانیان دەکرد، کردنەوەی کونسوڵخانەش سەرەتای پەیوەندییە دیبلۆماسییەکان بوو، نەخۆشخانە و پەرتوکخانەیان کردەوە، سەربازەکان پەیوەندیی دۆستانەیان لەگەڵ خەڵکی کوردستان دروست کرد، گوتیشی: چەندین زنجیرە درامای کۆریا لە کوردستان و لای خەڵکی کوردستان ناویان دەرکرد، زیاتر لە 60 قوتابخانە و 15 سەنتەری پزیشکییان دروست کرد.

نێچیرڤان بارزانی گوتی:  ئەمڕۆ دوای 20 ساڵ، جێی دەستی کۆریای باشوور لە هەرێمی کوردستان دیارە، دۆستی دڵسۆزیی زۆر باشی ئێمە بوون، سوپاس و ستایشمان بۆ هاوکارییەکانیان هەیە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان گێڕایەوە و گوتی: لە سەردانم بۆ کۆریا، لە فڕۆکەخانەی سیئۆل بە کوردی و زۆر بە جوانی پێشوازییان لێکردین، دەڵێت: ئەوان کارو خزمەتەکانیان زۆر بە ڕوونی دیارە، ئێستا دۆستایەتی زۆر پتەو لەنێوانماندا هەیە، ئێمە شانازیی بەو پەیوەندییانە دەکەین، هیوا خوازین لە هەموو بوارەکاندا هەماهەنگیمان پتەوتر بکەین لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش.

گوتیشی: عێراق و هەرێمی کوردستان دەتوانن سوود لە ئەزموونی کۆریا وەرگرن کە دوای جەنگیی جیهانیی خۆی لە وێرانە و ڕووخاییەوە بکەن بە یەکێک لە وڵاتە هەرە پیشکەوتووەکان بەتایبەت لە تەکنەلۆجیا، گوتی: پەیمانگایەکیان  سیاسەت و ستراتیژیەتی هەستانەوە و پەرەپێدانی پێشخستنی مرۆڤ و کۆمەلگەی کۆریای داڕشت.

دەکرێ ئێمە ئەزموونەکەی ئەوان دووبارە بکەینەوە، چیرۆکی کۆریا بە ئێمە و مرۆڤایەتی دەڵێت: ئەگەر ئیرادە و خواست و پێشکەوتن و وەبەرهێنان لە سەر مرۆڤ و پەرەپێدان بە مرۆڤەکان هەبێت، هەمیشە دەرفەت هەیە کە هیچ گەل و نەتەوەیەک لە دواوە نەمێنێتەوە.

نێچیرڤان بارزانی جەختی لە هاوبەشییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆریای باشوور کردەوە و گوتی:  دەرفەتی وەبەرهێنامان هەیە بۆ کۆریا لە هەرێمی کوردستان، لەبواری زانست و پەروەردە و پەرەپێدانی ژێرخانی کوردستان و کلتووری و تەکنەلۆژیا، ئاسۆی پەیوەندییەکانمان فراوانتر بێت.

گوتی: دوای 20 ساڵ سوپاسی خۆم و خەڵکی کوردستان بۆ یەک بە یەکی ئەندامانی تیمی زەیتوون دەنێرم، خۆشەویستی بۆ جەنەڕاڵ هوانگ، یەکەم فەرماندەی تیمەکە، ئەفسەرانی دیکە، پییان دەڵێم: بیریان دەکەین، لەهەر کوێیەک بن هیوای شادییان بۆ دەکەم.

نێچیرڤان بارزانی گوتی:

چيرۆكى ناوازه‌ى سه‌ركه‌وتنى كۆرياى باشوور، بۆ هه‌موو جيهان زۆر سه‌رنجڕاكێش و ئيلهامبه‌خشه‌. هه‌رێمى كوردستان و عێراق ده‌توانن وانه‌ و په‌ندى زۆر به‌سوودى لێ وه‌ربگرن. كۆريا به‌ ده‌ست لێكه‌وته‌كانى دواى جه‌نگه‌وه‌ له‌ وێرانكارى و ئابوورييه‌كى لاواز‌ەوە ده‌يناڵاند، به‌ڵام به‌ هاوكارى و يارمه‌تيى نێوده‌وڵه‌تى، قورسايى و فۆكه‌سى خسته‌ سه‌ر بنياتنانه‌وه‌ى مرۆڤ و ژێرخان و دامه‌زراوه بنه‌ڕه‌تييه‌كان.

له‌ ئه‌نجامى پلانى ستراتيژى و ده‌سپێشخه‌رى و داهێناندا، كۆريا له‌ وێرانه‌ و له‌ دۆخێكى سه‌خت و دواكه‌وتوو‌، بوو به‌ چوارده‌هه‌مين گه‌وره‌ترين ئابووريى جيهان. بووه‌ يه‌كێك له‌ توانا هه‌ره‌ به‌هێزه‌كانى ته‌كنه‌لۆژيا. مۆرى خۆى خسته‌ سه‌ر پێشكه‌وتنى ته‌كنه‌لۆژیا و زانست له‌سه‌ر ئاستى جيهاندا.

ساڵى 1971، دواى جه‌نگ يه‌كێك له‌ كاره‌ هه‌ره‌ ژير و دروسته‌كانى كۆرياى باشوور، دامه‌زراندنى (په‌يمانگه‌ى په‌ره‌پێدانى كۆريا) بوو. ئه‌و په‌يمانگه‌يه‌ سه‌ركه‌وتووانه‌ سياسه‌ت و ستراتيژى هه‌ستانه‌وه‌ و په‌ره‌پێدان و پێشخستنى ئابوورى و بنياتنانه‌وه‌ى مرۆڤ و كۆمه‌ڵگه‌ى كۆرى داڕشت.

چه‌ند ساڵێك دواتر ئه‌نجام و كاريگه‌ريى گه‌وره‌ى كارى ئه‌و په‌يمانگه‌يه‌ به‌ ڕوونى به‌سه‌ر پێشكه‌وتن و گه‌وره‌بوونى ئابووريى كۆرياوه‌ ده‌ركه‌وت. ئێمه‌ ده‌كرێ لێره‌ به‌پێى دۆخ و زه‌مينه‌ و پێويستيى هه‌رێمى كوردستان ئه‌زموونه‌كه‌ى ئه‌وان دووباره‌ بكه‌ينه‌وه‌.

وه‌فا و دڵسۆزى و وابه‌سته‌يى و گرێدانی هاووڵاتيى كۆرى به‌ وڵاتەكەیان و بە خاك و بە نيشتمان و بە گه‌له‌كه‌يه‌وه‌، بڕوا و متمانه‌ و هيواى به‌ داهاتوويه‌كى باشتر، كار و كۆڵنه‌دان و خۆماندووكردن و قوربانيدانى كۆرييه‌كان، هۆكارى ديكه‌ى سه‌ره‌كيى سه‌وكه‌تنى وڵاته‌كه‌يان بوو. هه‌موو ئه‌مه‌ش له‌ په‌روه‌رده و فێركردن و پێگه‌ياندنى دروسته‌وه‌ سه‌رچاوه‌ى گرتبوو.

به‌گشتى ئه‌زموون و چيرۆكى كۆريا به‌ ئێمه‌ و هه‌موو مرۆڤايه‌تى ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر ئيراده‌ و خواستى پێشكه‌وتن و وه‌به‌رهێنان له‌سه‌ر مرۆڤ و په‌ره‌پێدان به‌ تواناكان هه‌بێت، هه‌ميشه‌ ده‌رفه‌ت هه‌يه‌ كە هيچ گه‌ل و نه‌ته‌وه‌يه‌ك له‌ دواوه‌ نه‌مێنێته‌وه‌ و هه‌ميشه‌ ڕێگه‌ى سه‌ركه‌وتن و گه‌يشتن به‌ ئامانجه‌ باڵاكان له‌به‌رده‌م گه‌لاندا كراوه‌يه‌.

له‌م ياده‌دا جه‌خت له‌ هاوبه‌شييه‌كانمان له‌گه‌ڵ كۆريادا ده‌كه‌ينه‌وه‌. هه‌رێمى كوردستان زه‌مينه‌يه‌كى له‌بارى وه‌به‌رهێنان و سه‌رمايه‌گوزارييه‌ و ده‌رفه‌تى باشى بۆ كه‌رتى تايبه‌تى كۆرى له‌ هه‌موو كه‌رته‌كاندا هه‌يه‌.

ئه‌وان ده‌توانن هێشتا كاراتر له‌ په‌ره‌پێدان و پێشخستنى ژێرخانى هه‌رێمى كوردستان، له‌ هاوكاريى بواره‌كانى زانست، ته‌كنه‌لۆژیا، كولتوورى و زۆر بوارى ديكه‌دا، هاوبه‌ش و به‌شدار بن. ئاسۆى په‌يوه‌ندييه‌كانمان به‌ سوودى هه‌ردوولا، ده‌كرێ زۆر فراونتر و گشتگير بێت و به‌رده‌وامی بەو كارانە بدەین.

له‌ كۆتاييدا، دواى بيست ساڵ، ده‌مه‌وێ لێره‌، له‌ هه‌ولێره‌وه‌، سوپاس و ستايش و پێزانينى خۆم و خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان بۆ يه‌ك به‌ يه‌كى ئه‌ندامانى تيمى زه‌يتوون دووپات بكه‌مه‌وه‌. سڵاو و ڕێزيان بۆ ده‌نێرم لە هەولێرەوە، به‌تايبه‌تى دەمەوێ لێرە سڵاو و ڕێز و خۆشەویستیی تایبەتی بۆ به‌ڕێز جه‌نه‌راڵ هوانگ، يه‌كه‌م فه‌رمانده‌ى تيمه‌كه‌، بۆ ئه‌فسه‌رانى به‌ڕێز پارك، كيم، لين و هه‌موو ئه‌وانى ديكه‌. پێيان ده‌ڵێم: به‌ ناسينیان زۆر خۆشحاڵ بووين، بيریان ده‌كه‌ين و ئێستا له‌ هه‌ر كوێ بن، هيواى ته‌مه‌ندرێژى، شادى و سه‌ركه‌وتنیان بۆ ده‌خوازم.

زۆر سوپاس بۆ به‌ڕێز كونسوڵى كۆرياى باشوور له‌ هه‌رێمى كوردستان و تيمى كونسوڵخانه‌ بۆ سازدانى ئه‌م ڕێوڕه‌سمه‌ و دووباره‌ به‌خێرهاتنى هه‌موو لايه‌كتان ده‌كه‌م.

ئێواره‌يه‌كى خۆش بۆ هه‌مووتان ده‌خوازم. لە كۆریاش فێری ئەو وشەیە بووم كە دەچووم دەیانگوت: كامساهامنيدا..