پاپا فرانسیس: ترامپ و هاریس دژی ژیانن

پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیکان، هەردوو کاندیدی سەرۆکایەتیی ئەمەریکای بە "دژە ژیان" وەسفکرد، بەوەی سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ دژی کۆچبەرانە و کامالا هاریسیش پاڵپشتیی مافی لەباربردنی منداڵ دەکات.

ڕۆژی هەینی، پاپا لە کاتی گەڕانەوەی بۆ ڕۆما دوای گەشتێکی 12 ڕۆژە بۆ ئاسیا لە فڕۆکەکەیدا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: "هەردوو کاندیدی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا دژی ژیانن، یەکێکیان ڕزگاری دەبێت لە کۆچبەران و ئەوەی دیکەش منداڵ دەکوژێت، هەردووکیان دژی ژیانن".

ئاماژەی بەوەش کرد: من ئەمەریکی نیم و لەوێ دەنگ نادەم. بەڵام با ڕوون بێت، هەردووکیان کۆچبەران دەر دەکەن، پاڵپشتی نەکردنی توانای کارکردن یان پێشوازی نەکردنی کۆچبەران گوناهە، ئەوە کارێکی مەترسیدارە".

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، کە هەوڵ دەدات لە هەڵبژاردنەکانی مانگی نۆڤەمبەردا بگەڕێتەوە کۆشکی سپی، لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیدا بەڵێنی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانی نایاسایی دا، بەڵام لە ساڵی 2022دا ڕێگەی بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی دادگای باڵای ئەمەریکا لە ساڵی 1973 خۆش کرد لە دۆسیەی "ڕۆو ڤی وەید" کە مافی لەباربردنی منداڵی بە ژنانی ئەمەریکی بەخشی، هاریس لە هەڵمەتەکەیدا بەڵێنی دا بۆ گەڕاندنەوەی ئەو یاسایە.

پاپا فرانسیس گوتیشی: دەبێت لەو دوو خراپەیە کامەی بچووکترە هەڵبژێرین، خراپەکاری بچووک کامەیە؟  ئافرەتەکە یان پیاوەکە؟ من نازانم، دەبێت هەموو کەسێک بەپێی ویژدانی خۆی بیربکاتەوە و ئەم بڕیارە بدات.