گرووپی حەوت: پشتیوانییەکانی تاران بۆ مۆسکۆ، ئاسایشی جیهانی خستووەتە مەترسی
وەزیرانی دەرەوەی گرووپی حەوت لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا سەرکۆنەی پشتیوانییەکانی ئێران بۆ ڕووسیا دەکەن و ناڕەزایی دەردەبڕن لە پێدانی مووشەکی بالستیی ئێران بە ڕووسیا و هۆشداریی دەدەنە ئێران، ئەگەر لەو کارە بەردەوام بێت، ناچارن بە تاوانی تێکدانی ئاسایشی جیهان لێپرسینەوەی لەگەڵ بکەن.
ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکە لەلایەن وەزیرانی دەرەوەی هەر یەک لە کەنەدا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، بەریتانیا و ئەمەریکا و نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا دەرکراوە و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی بڵاوی کردووەتەوە و تێیدا هاتووە "بە توندترین شێوە ئیدانەی هەناردەکردنی پێدانی مووشەکی بالیستیی ئێران بە ڕووسیا دەکەن" و ئاماژەیان داوە، سەرەڕای داوا نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕاگرتنی پشتیوانیی سەربازیی ئێران بۆ ڕووسیا و شەڕ لە دژی ئۆکرانیا، بەڵام تاران بەردەوامە لە گواستنەوەی چەک بۆ مۆسکۆ.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "ڕووسیا چەک و درۆنی دروستکراوی ئێرانی لە هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا و کوشتنی خەڵکی مەدەنی و لێدانی ژێرخانی ئەو وڵاتە بەکار هێناوە، هەر بۆیە دەستدرێژییەکانی ڕووسیا و هاوکارییەکانی ئێران بۆی، پێشێلکارییەکی زەقی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکانە".
هەروا داوایان کردووە، پێویستە ئێران دەستبەجێ هەموو پشتیوانییەک بۆ ڕووسیا لە دژی ئۆکرانیا ڕابگرێت، کە پێدانی مووشەکی بالستیی، درۆن و تەکنەلۆجیای پەیوەندیدار دەگرێتەوە، چونکە هەڕەشەیەکی تایبەت و ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ژیان و گیانی خەڵکی ئۆکرانیا و ئاسایشی ئەوروپا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەشێوەیەکی گشتی.
لە کۆتاییدا جەختیان کردووەتەوە، کە ئەگەر ئێران لە هاوکاری سەربازی ڕووسیا بەردەوام بێت، ئەو کاتە بە تاوانی تێکدانی ئاسایشی جیهان و پشتیوانی لە هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا ناچارن لێپرسینەوەی لەگەڵ بکەن و ڕێوشوێنی نوێ لە دژی تاران بگرنەبەر.