دوو تیرۆریستی داعش بەر لەوەی خۆیان لەناو خەڵکدا لە کەرکووک بتەقێننەوە کوژران

شەقامی پشتێنەیی کەرکووک کە دوو چەکداری خۆکوژی تیایدا کوژرا
شەقامی پشتێنەیی کەرکووک کە دوو چەکداری خۆکوژی تیایدا کوژرا

بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک، دووچەکداری داعش کە خۆکوژبوون، پێش ئەوەی خۆیان لە شەقامی پشتێنەیی کەرکووک بتەقێننەوە، لەلایەن هێزەئەمنییەکانەوە کوژراون.

گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ و شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق عەمید میقداد میری ڕایگەیاند: بە هەوڵێکی هەواڵگری و ئۆپەراسیۆنێکی  جیاواز، شانەی هەواڵگری فالکۆن توانیویەتی دوو تیرۆریست لە ناوچەی پەنجا عەلی سەر بە پارێزگای کەرکوک گەمارۆ بدەن و تەقەیان لێ بکەن، دەڵێت: دەرکەوتووە تیرۆریستەکان پشتێنی بۆمبڕێژکراویان لەبەردابووە، کوژران.

بەپێی زانیارییەکانی پۆلیس، دوو چەکدارەکەی داعش ماتۆرێکیان پێ بووە، پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکان بەدوایانەوە بوونە و لەگەڵ ئەو هێزە ئەمنیانە ڕووبەڕووبوونەتەوە، لەنێو ماتۆڕەکەشیان بۆمب هەبووە، جگەلەوەی خۆشیان پشتێنەی بۆمبڕێژکراویان لە پشت بووە.

هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24، ڕایگەیاند: تەرمی دوو چەکدارەکە لە دەستی هێزە ئەمنییەکانن و پشتێنەکەیان کە بۆمبڕێژکراوە پوچەڵ دەکەنەوە، تا ئێستاش ناسنامەی خۆکوژەکان ئاشکرا نەبووە.