وادەی دەستپێكردنی خوێندنی ساڵی نوێ ئاشكرا كرا
K24 - سلێمانی
وەزیری پەروەردەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، 27 ئەم مانگە دەوامی خوێندنی ساڵی نوێ دەست پێدەكات و بەر لە دەستپێكردنی دەوامیش مووچەی مامۆستا و فەرمانبەرانی پەروەردە دابەش دەكرێت.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە شاری سلێمانی پشتیوان سادق وەزیری پەروەردەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان گوتی: "دوای راوێژكردن لەگەڵ بەرپرسانی پەروەردە و مامۆستایان لە سنووری پەروەردەی پارێزگاكان وەك وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، بڕیارماندا رۆژی سێشەممە 27/9/2016، زەنگی قوتابخانەكان لێبدەین و دەوامی فەرمی لەسەرجەم قوتابخانەكان دەست پێبكات".
گوتیشی: "خۆمان بە قەرزداری مامۆستایان دەزانین كە بەم جەژنە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بەھۆی ئەم بارودۆخی نەخوازراوە كە ھەیە نەتوانرا مووچەكانیان دابەش بكرێت، دەزانین نەبوونی مامۆستایان چەند ناخۆشە و ئازارمان دەدات، بەڵام چۆڵ نەكردنی سەنگەری خوێندن وەك سەنگەرەكانی پێشەوەی پێشمەرگەیە لە شەڕی دژی داعش".
راشیگەیاند: "پێش دەستپێكردنەوەی دەوام ھەموو مامۆستایان مووچە وەردەگرن".