ڤیان سەبری: ماددەی 140ـمان لە یاسای بەکرێدانی زەوییە کشتوکاڵییەکان جیا کردەوە

ڤیان سه‌بری، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی عێراق
ڤیان سه‌بری، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی عێراق

سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی عێراق ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، ده‌نگ له‌سه‌ر مادده‌ی (13) ده‌ده‌ن كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یاسای ژماره‌ (35)ـی ساڵی 1983ـی تایبه‌ت به‌ به‌كرێدانی زه‌وی كشتوكاڵی بۆ كۆمپانیا كشتوكاڵییه‌كان و كه‌سه‌كان و هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاساكه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك گرێبه‌سته‌ كشوكاڵییه‌كان وه‌كوو خۆیان ده‌مێننه‌وه‌.

دووشه‌ممه‌، 16ـی ئه‌یلوولی 2024، ڤیان سه‌بری، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی عێراق تایبه‌ت به‌ كوردستان24 گوتی: له‌ دانیشتنی داهاتووی په‌رله‌ماندا ده‌نگ له‌سه‌ر هه‌ردوو بڕگه‌ی یه‌كه‌م و دووه‌می مادده‌ی (13) ده‌ده‌ن كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یاسای ژماره‌ (35)ـی ساڵی 1983ـی تایبه‌ت به‌ به‌كرێدانی زه‌وی كشتوكاڵی بۆ كۆمپانیا كشتوكاڵییه‌كان و كه‌سه‌كان و هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاساكه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك گرێبه‌سته‌ كشوكاڵییه‌كان وه‌كوو خۆیان ده‌مێننه‌وه‌.

ڤیان سه‌بری گوتیشی، بڕگه‌ی دووه‌م تایبه‌ته‌ به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڕیاری ژماره‌ (44)ـی ساڵی 1997ـی ئه‌نجوومه‌نی هه‌ڵوه‌شاوه‌ی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش.

سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، مادده‌ی (140)ـی ده‌ستوورییان له‌ناو حوكمه‌كانی یاسای به‌كرێدانی زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كان جیا كردووه‌ته‌وه‌، تاوه‌كوو مادده‌ ده‌ستوورییه‌كه‌ وه‌كوو خۆی یه‌كلا ده‌بێته‌وه‌.