هێمن سەید موراد: ساڵانە نزیکەی 450 تۆن چەوەندەر بەرهەم دەهێنرێت
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ڕایگەیاند، بەرهەمی چەوەندەر لە کوردستان تاکوو ئێستە بە شێوەیەکی زۆر بەربڵاو نەبووە و ساڵانە نزیکەی 450 تۆن چەوەندەر لە هەولێر بەرهەم دەهێنرێت.
سێشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2024، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەرهەمی چەوەندەر لە کوردستان تاکوو ئێستە بە شێوەیەکی پێویست بەربڵاو نییە و دەرفەتی کارکردن لە بازاڕ و کارگەکانیش وەکو پێویست نین، چونکە ئێستە لەسەرەتاییەکانی ئەو بەرهەمەداین.
ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت: دەمانەوێت بایەخ بەو بەرهەمە بدەین لە ڕووی پیشەسازیشەوە، هەروەها دەمانەوێت هانی وەبەرهێنەرەکان بدەین تاکوو پشتیوانی جووتیارانی خۆمان بکەن بۆ چاندنی چەوەندەر.
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر دەشڵێت: ڕووبەری چاندراوی ئەو بەرهەمە لە کوردستان 99 دۆنم زەوییە، ساڵانە 445 تا 450 تۆن چەوەندەر لە کوردستان بەرهەم دێت، ڕاستە ڕێژەکەی کەمە، بەڵام هەوڵ دەدەین هانی جووتیاران و وەبەرهێنەران بدەین ئەو بەرهەمە زیاد بکەن، هەرچەندە لای ئێمە ئەو داتایە تۆمار کراوە، ڕەنگە داتایی نوێی دیکە هەبێت تۆمار کرابێت ڕێژەکەی زۆر تربێت.
ئاماژەی بەوەش دا، ئەو بەرهەمە زیاتر لەگەڵ کەشوهەوای خەبات و گوێر و شەمامک دەگونجێت، بۆیە هەوڵ دەدەین هانی جووتیارانی ئەو ناوچانە دەدەین زیاتر ئەو بەرهەمە بچێنن و بایەخی پێ بدەن، خواستی بازاڕیش لەسەری زیاد بکەین.
هێمن سەید موراد راشیگەیاند، جووتیار زیاتر ئەو بەرهەمانە دەچێنێت کە لە بازاڕدا خواستی زیاتری لەسەرە، هەر بۆیە هەوڵ دەدەین بە هاوتەریبی کار لەسەر ئەو بەرهەمە بکەین.