دووبەردانی: هەوڵ دەدەین مووچەی شەهیدانی هێزە ئەمنییەکانی ناوچە جێناکۆکەکان هاوتای بەغدا بکەین

ئەمڕۆ لەکۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق، یەکێک لەو تەوەرانەی بڕیارە دەنگی لەسەر بدرێت. هاوتاکردنی ئیمتیازاتی پێشمەرگە و ئەو هێزە ئەمنییانەیە کە لەدەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن، تاوەکو ئیمتیازاتیەکانیان هاوشێوەی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لێ بێت.

شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند: دوای ئەوەی پرۆژە یاسای دەزگای شەهیدان کە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕەوانەی بەغدا کراوە، بڕیارە ئەو شەهیدانەی لەدەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان شەهید بوونە ئیمتیازاتەکانی مووچە و مەعنەوی وەکو شەهیدانی عێراقی لێ بکرێت.

گوتیشی: ئێمە توانیمان ماددەی 20 بۆ پرۆژەکە زیاد بکەین، ماددەی 20 دۆسیەی ئەو فەرمانبەرانەیە کە لەدەرەوەی ئیدارەی هەرێمن و لە دوای ساڵی 1966ەوە تاکو ئیستا، بەڵام دۆسیەکانیان لە وەزارەتی شەهیدانی هەرێمی کوردستانە، دەبێت هەموو ئیمتیازاتەکانی شەهیدانی عێراق بیان گرێتەوە. کە هیوادارین دەنگی لەسەر بدرێت.

باسی لەوەش کرد، لەسەر بابەتی زیندانیانی سیاسی دوای ئەوەی کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆکی حکوومەت کرد، ڕەزامەندی دا مووچەی زیندانیانی سیاسی بەغدا و هەرێمی کوردستان هاوتا بکرێت، لەسەر قەرەبووی زیانمەندانی دەستی ڕژێمی پێشوو. نووسراوی وەزارەتی داراییمان بەدەست گەیشتووە، چاوەڕوانی وەڵامی فەرمین لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە هەرێمی کوردستان هیچ پارەی قەرەبووی هاووڵاتیان وەرنەگرتووە لەنێوان ساڵی 1968 تا 2003، ئەوکاتەی وەڵامەکە بە نەخێر هاتەوە، دەتوانین ئەو ماددەیەش زیاد بکەین و هەموو ئەوانەی زیانمەندی دەستی ڕژێمی بەعس بوونە قەرەبوو بکرێنەوە.