پارێزگاری سلێمانی: زەمینەی لەبار بۆ هەڵبژاردن دابین دەکەین

هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی

پارێزگاری سلێمانی ڕایدەگەیەنێت: هەوڵ دەدەن زەمینەیەکی لەبار بۆ بانگەشە و پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دابين بکەن.

چوارشەممە 18ـی ئەیلوولی 2024، هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند: هەموو حزب و لایەنەکان لە هەڵبژاردن بەیەک چاو سەیر دەکەن و ڕێنمایی تایبەتیان بۆ هەڵبژاردن دەرکردووە، نمایشی سەربازیی و کۆکردنەوەی هێز لە نزیک بنکەکانی دەنگدان قەدەغەیە، گوتیشی: نابێت لەکاتی هەڵبژاردن، هێزە ئەمنییەکان بەربەست لەبەردەم هاتوچۆی هاووڵاتییان دروست بکەن.

هەڤاڵ ئەبوبەکر گوتیشی: ئێمە وەکو حکوومەتی خۆجێی سلێمانی بەهەموو لایەکمان ڕاگەیاندووە، بێلایەن دەبین بەرامبەر هەموو لیست و قەوارە و کاندیدەکان، هەموویان بۆ ئێمە یەکن، ئەوەی بڕیار دەدات دەنگی دەنگدەرەکانە. وا دەکەین زەمینەی لەبار دابین بکەین بۆ هەموو لایەک، ئەگەر هەر لادانێک هەبوو، بەپێی یاساکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و بەپێی ئەو یاسایەی لە دادگاکان هەن، دەتوانن داوا تۆمار بکەن و دوورکەوینەوە لە تۆڵە کردنەوە، هاوکات ڕێگە نەدەین دیاردەی چەکداریی و نمایشی سەربازیی هەبێت، یان کەژاوەی زۆری ئۆتۆمبێل هەبێت کە ڕێگریی لە هاتوچۆی هاووڵاتییان بکات.