سوودانی بۆ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زاریی بۆ ئاسایشیی نیشتمانی: به‌ر له هاورده‌كردنی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان پشكنینی ورد بكه‌ن
سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ئه‌نجوومه‌نی وه‌زاریی بۆ ئاسایشیی نیشتمانی ڕاده‌سپێرێت به‌ر له هاورده‌كردنی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان پشكنینی ورد بكه‌ن بۆ ئەوەی دوور بن لە هەر ئەگەرێکی هاککردن.
چوارشه‌ممه، 18ـی ئه‌یلوولی 2024، محه‌ممه‌د شییاع سوودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان سه‌رپه‌رشتی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زاریی بۆ ئاسایشیی نیشتمانی كرد و تێیدا داوای له ئه‌نجوومه‌نه‌كه كرد، به‌ر له هاورده‌كردنی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان پشكنینی ورد بكه‌ن بۆ ئەوەی دوور بن لە هەر ئەگەرێکی هاککردن. داوایشی كرد له ئیمزاكردنی گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانی بواری ئه‌لیكترۆنی وریا بن.
هه‌روه‌ها له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا تاوتوێی بارودۆخ و پێشهاته ئه‌منییه‌كانی لوبنان و ته‌قینه‌وه‌كانی دوو ڕۆژی ڕابردووی ئه‌و وڵاته كرا و جه‌خت كراوه‌ته‌وه له گه‌یاندنی یارمەتییە پزیشکی و مرۆییەکان بۆ تیمارکردنی بریندارەکان.
سێشه‌ممه، 17ـی ئه‌یلوولی 2024، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی لوبنان ڕاگه‌یه‌ندراوێكی له باره‌ی ته‌قینه‌وه‌ی ئامێری بێته‌لی ئه‌ندامانی حزبوڵلای لوبنانی بڵاو كرده‌وه و وێڕای سه‌ركۆنه‌كردنی، ڕایگه‌یاند: پێشهاتێكی مه‌ترسیداره.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی لوبنان گوتیشی: له‌سه‌ر ئه‌م هێرشه، سكاڵا له ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی تۆمار ده‌كه‌ین.
ئاژانسه‌كانی هه‌واڵ بڵاویان كرده‌وه، دوای نیوه‌ڕۆی سێشه‌ممه، 17ـی ئه‌یلوولی 2024، له چه‌ند ناوچه‌یەکی لوبنان زنجیره‌یه‌ك تەقینەوە ڕوویان دا، به‌هۆیه‌وه ده‌یان كه‌س بریندار بوون و به‌په‌له گه‌یێندراونه‌ته نه‌خۆشخانه‌كان.
سه‌رچاوه‌یه‌ك له حزبوڵڵای لوبنانی ڕایگه‌یاند: هه‌واڵگری ئیسرائیل توانیویه‌تی دزە بکاتە ناو ئامێره‌كانی په‌یوه‌ندیی ئه‌ندامانیان، هاوكات ئاژانسی نیشتمانی لوبنان ڕوونی كرده‌وه، هه‌واڵگری ئیسرائیل دزەی کردووەتە ناو ئامێری بێتەلی جۆری "په‌یجه‌ر"ـی ئه‌ندامانی حزبوڵڵا، كه ئامێرێكی بچووكه و بۆ په‌یوه‌ندی به كار دێت، بەهۆی تەقینەوەی ئامێره‌كانیش كه به ده‌ستی ئه‌ندامانی حزبوڵڵاوه بووه، دەیان ئەندامی بریندار بوون.
له‌لایەکی دیکەوە وەزارەتی تەندروستی لوبنان حاڵەتی ئەوپەڕی ئامادەباشی ڕاگەیاند و داوای فریاگوزاری خێرا و بەپەلەی كرد،
سێشه‌ممه، 17ـی ئه‌یلوولی 2024، ئاژانسی هه‌واڵی میهری ئێران بڵاوی كرده‌وه، موجته‌با ئه‌مانی، باڵیۆزی ئێران له لوبنان به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی ئامێری په‌یوه‌ندیكردنه‌وه كه له جۆری "په‌یجه‌ر" بووه، بریندار بووه.
هاوكات سه‌رچاوه‌كان له حكوومه‌تی لوبنان سه‌رنجیان بۆ ئه‌وه ڕاكێشاو، نه‌جیب میقاتی، سه‌رۆكوه‌زیرانی لوبنان داوای له وه‌زیری ته‌ندروستی وڵاته‌كه‌ی كرد كۆبوونه‌وه و دانیشتنه‌كانی حكوومه‌ت به جێ بهێڵێت و هه‌موو دامه‌زراوه‌كانی سه‌ر به وه‌زاره‌ته‌كه‌ی بۆ پێشهاته ئه‌منییه‌كان ئاماده بكات.
ده‌گوترێت ئه‌و ڕووداوانه به‌هۆی هێرشی ئه‌لیكترۆنی ئیسرائیله‌وه بووه، كه هاوكاتی ئه‌م ته‌قینه‌وانه‌ی لوبنان، ئه‌ندامانی حزبوڵڵا له سووریایش كه هه‌مان ئامێری جۆی په‌یجه‌ریان هه‌ڵگرتووه، ڕووبه‌ڕووی هه‌مان ئه‌و هێرشانه بوونه‌ته‌وه.
چوارشەممە 18ـی ئەیلوولی 2024، جارێکی دیکە، سەدان ئامێری بێتەلی جۆری وۆکی تۆک ئایکۆم کە بە دەست ئەندامانی حزبوڵڵای لوبنانیەوەیە، تەقیونەتەوە، تا ئێستا بەهۆیە 9 کەس کوژراون و زیاتر لە 100 کەسیش بریندارن.
له لایه‌كی دیكه بڕیار وایه ڕۆژی هه‌ینی، 20ـی ئه‌یلوولی 2024، ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر داوای لوبنان سه‌باره‌ت به‌م پێشهاتانه كۆ ببێته‌وه.