چیای ئاسۆس دووجار بۆمباران کرا
ئەمشەو، فڕۆکەی جەنگی، دوو جار چیای ئاسۆسیان لە نزیک گوندی گەڵاڵە بۆمباران کردووە و نیگەرانی و دڵەڕاوکێیان لای دانیشتووانی گوندەکە دروست کردووە.
چوارشەممە 18ـی ئەیلوولی 2024، پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند: کەمێک پێش ئێستا چیای ئاسۆس لە نزیک گوندی گەڵاڵە دووجار بۆمباران کراوە و یەکێ لە دانیشتووانی گوندی گەڵاڵەش بە کوردستان 24ـی ڕاگەیاند: ئەمشەو دووجار چیای ئاسۆس کەنزیکە لە گوندەکەیانەوە بە فڕۆکەی جەنگی بۆمباران کراوە.
شەممە 14ـی ئەیلوولی 2024 کاتژمێر 3:10 خوولەکی دوای نیوەڕۆ، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ناوچەی شێخانی کە دەکەوێتە شاخی ئاسۆسی سەر بە گوندی گەڵاڵەیان لە شارباژێر بۆ دووەمین جار بۆمباران کرد.
لەم بارەیەوە کامەران حەسەن قایمقامی قەزای ماوەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بۆمبارانەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
شەڕی پەكەكە و توركیا لە ناوچە سنوورییەكانی ھەرێمی كوردستان تادێت زیاتر كاریگەرییەكانی لەسەر ژیانی ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان دەردەكەون، بەهۆی ئەو شەڕەوە نزیکەی 800 گوند و چەندین ناوچەی گەشتیاری لە سنووری هەرێمی کوردستان خاپوور و چۆڵکراون، ئەوەش زیانێکی زۆری بە کەرتی گەشتیاری و کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان گەیاندووە.