توركیا پێداگری له‌سه‌ر دروستكردنی ناوچه‌یه‌كی ئارام له‌ سوریا ده‌كات

به‌ هیچ جۆرێك هێزه‌ كوردییه‌كان له‌ خۆ ناگرێـت

K24 – هه‌ولێر

توركیا سووره‌ له‌سه‌ر دروستكردنی ناوچه‌یه‌كی ئارام له‌ سوریا به‌ رووبه‌ری چوار هه‌زار كیلۆمه‌تری چوارگۆشه‌ كه‌ ده‌كاته‌ رووبه‌ری وڵاتێكی وه‌ك لوبنان.

سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵ له‌سه‌ر زاری به‌رپرسانی توركیا بڵاویانكردووه‌ته‌وه‌ توركیا ده‌ستبه‌رداری دروستكردنی ناوچه‌یه‌كی ئارام له‌ سوریا نابێـت، و ئه‌و ناوچه‌یه‌ ئارامه‌ش كه‌ توركیا ده‌یه‌وێت دروست بكات، به‌ هیچ جۆرێك هێزه‌ كوردییه‌كان له‌ خۆ ناگرێـت، له‌ جیاتی ئه‌وان ده‌یه‌وێت سێ هه‌زار چه‌كداری سوپای سوریای  ئازادی و هاوكات هێزی تایبه‌تی سوریا جێگیر بكات.

به‌ گووته‌ی به‌رپرسانی توركیا، ئه‌م كاره‌یان رێگه‌ خۆشكه‌ر ده‌بێـت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌شێكی زۆری په‌نابه‌رانی سوریا كه‌ به‌ زیاتر له‌ دوو ملیۆن و 500 هه‌زار په‌نابه‌ر ئه‌ژمار ده‌كرێن.