ئەمەریکا هەڕەشەی سەپاندنی سزا بەسەر بانکە تورکییەکاندا دەکات
ئەمەریکا دوایین هۆشداریی دەداتە تورکیا و ئاگاداری دەکاتەوە ئەگەر دەستبەرداری مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووسیا نەبێت، ئەوا سزا بەسەر چەند بانکێکی تورکیادا دەسەپێنێت.
ئاژانسی (تاس)ی ڕووسی لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای تورکییەوە ئاشکرای دەکات؛ شاندێکی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لە تورکیان و لەگەڵ بەرپرسانی دارایی ئەو وڵاتە کۆبوونەتەوە.
بەپێی هەواڵی ئاژانسەکە؛ ئەو شاندە ئەمەریکییە هەڕەشەی سەپاندنی سزای بەسەر بانکە تورکییەکاندا کردووە لە ئەگەری بەردەوامییان لە مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووسیا لەبواری بازرگانیی و بانکییدا.
پێشتریش مێدیاکانی تورکیا ئەوەیان بڵاوکردبووەوە؛ باڵیۆزی ئەمەریکا لە تورکیا بەشێوەیەکی فەرمیی هۆشداریی ئەمەریکای گەیاندووەتە بەرپرسانی ئەنقەرە بۆ دەستبەرداربوون لە مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووسیا.
ئەمە لەکاتێکدایە کە لە ماوەی ڕابردوودا ئەمەریکا سزای سووکی بەسەر چەند کۆمپانیایەکی تورکیا سەپاندووە، بەهۆی ئەوەی ئاسانکارییان بۆ کۆمپانیا ڕووسییەکان کردووە بۆئەوەی دەرباز بن لە سزا ئابوورییەکانی ڕۆژئاوا.