کەشناسی دهۆک: شەپۆلە باران و هەورە بروسک بەرواری باڵا و ناوچە سنوورییەکان دەگرێتەوە
بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزانی دهۆک بڵاویکردووەتەوە، شەپۆلە باران و هەورە بروسکە لە باکووری کوردستان و تورکیاوە، ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای دهۆکی گرتووەتەوە، بە تایبەت ناوچەی بەرواری باڵا.
بەڕێوەبەرایەتییەکە لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئاماری بارانی 24 کاتژمێری ڕابردووی سنووری پارێزگاکەی بڵاوکردووەتەوە، کە یەکەم بارانی وەرزی پایزە و بە گوێرە تۆمارەکان ڕێژەی بارینەکە بەم شێوەیە:
ئەتروش 21 ملم
بجیل 3 ملم
دهۆک 0.9 ملم
ئاکرێ 0.2 ملم
هەروەها ئاماژەیداوە، ئەو شەپۆلەی بارانەی لە تورکیا و باکووری کوردستانەوە بەرەو سنوورەکانی هەرێمی کوردستان دێت و کاریگەرییەکانی بەردەوام لە زیاد بوونە و هەورە بروسکەشی لەگەڵە. کاریگەرییەکان باکووری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای دهۆکی بە تەواوی گرتووەتەوە و لە سنووری بەرواری باڵا کاریگەرییەکانی بەراورد بە ناوچەکانی دیکە زیاترە.