ڕۆژانە هەشت پزیشک تورکیا و باکووری کوردستان بەجێ دەهێڵن
تەنها لە ساڵی 2023، زیاتر لە سێ هەزار پزیشک، تورکیا و باکووری کوردستانیان بەجێ هێشتووە. نوێنەرەکانیشیان هۆیەکە بۆ "بەردەوامی هێرشی سەر کارمەندانی تەندروستی و خراپتربوونی دۆخی ئابووریی" دەگەڕێننەوە.
بە گوێرەی ئامارەکانی یەکێتیی پزیشکانی تورکیا و باکووری کوردستان، لە ساڵی 2023، سێ هەزار و 25 پزیشک، بە مەبەستی کارکردن و خوێندن؛ داواکارییان پێشکەشی وەزارەتی تەندروستی کردووە و چوونەتە دەرەوەی وڵات؛ دیاریش نییە چەندیان لە ئاییندەدا دەگەڕێنەوە.
ئامارەکان دەری دەخەن، لە 12 ساڵی ڕابردوودا، زیاتر لە 15 هەزار پزیشک بە هۆی جیاواز، تورکیا و باکووری کوردستانیان بەجێ هێشتووە.
نوێنەرانی پزیشکانی تورکیا و باکووری کوردستان دەڵێن، بە گوێرەی یاسا، هەر دەرچوویەکی بەشە پزیشکییەکان، ناچارە بۆ ماوەی دوو ساڵ بە مووچەیەکی کەم، لەو ناوچانەی پێویستییان بە پزیشکە؛ کار بکەن.
ڤەیسی ئولگن، سەرۆکی دەستەی نوێنەرانی پزیشکانی دیاربەکر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "فشارێکی زۆر لەسەر پزیشکانی باکووری کوردستان هەیە و ڕۆژانە بارودۆخەکەیان خراپتر دەبێت". هاوکات داوا لە هاوپیشەکانیان دەکات وڵاتەکەیان بە جێ نەهێڵن و داواش لە حکوومەت دەکات، بارودۆخی پزیشکان باشتر بکات.
بە گوێرەی ئامارەکانی یەکێتیی پزیشکانی تورکیا و باکووری کوردستان، لە ساڵی 2023، 47 و لە سێ مانگی ڕابردوودش، 16 پزیشکی پارێزگای دیاربەکری باکووری کوردستان، چوونەتە دەرەوەی وڵات.
نوێنەری پزیشکەکان، هۆی کۆچکردنی هاوپیشەکانیان بۆ دەرەوەی وڵات بۆ "بەردەوامی هێرشی سەر کارمەندانی تەندروستی و خراپتربوونی دۆخی ئابووریی" دەگەڕێننەوە.