یەحیا ڕەسووڵ: هەموو ڕێکارێک بۆ پاراستنی ئاسمانی عێراق گیراوەتەبەر

لیوا یەحیا ڕەسووڵ
لیوا یەحیا ڕەسووڵ

گوتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند: "هەموو ڕێکارێکمان گرتووەتە بەر بۆ پاراستنی ئاسمانی عێراق؛ لەگەڵ ئەوەی هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ چاودێریکردنی ئاسمانی وڵاتەکەمان ".

شەممە 5ـی تشرینی یەکەمی 2024، لیوا یەحیا ڕەسووڵ، گوتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند: "حکوومەتی عێراقی و خودی محەمەد شییاع سوودانی سەرۆک وەزیران، بایەخی تەواو بە پێشخستنی تواناکانی بەرگریی ئاسمانیی دەدات، بۆ ئەوەش ڕێککەوتنێکیان لەگەڵ کۆریای باشوور کردووە بەر لە چەند مانگێک، بۆ دابینکردنی سیستەمی پێشکەوتووی بەرگریی ئاسمانیی، تەواوکردنی ئەو سیستەمە و کارپێکردنی، کاتی دەوێت".

ڕەسووڵ ئاماژەی بەوەش کرد: "عێراق توانای چاودێرییکردنی ئاسمانی خۆی هەیە لەگەڵ چاودێرییکردنی ئەو فڕۆکانەی بە ئاسمانی عێراقدا دەفڕن؛ سەرباری ئەوەی هەموو ڕێکارێک بۆ پارێزگاریی لە ئاسمانی عێراق گیراوەتە بەر".

یەحیا ڕەسووڵ دەڵێت: فڕۆکەی ئێکس 16 و کی 50ـی کۆریایی کە زۆر پێشکەوتوون، لەگەڵ فڕۆکەی چاودێری و بارهەڵگر، وا لە هێزی ئاسمانی عێراق دەکەن بتوانن پارێزگاریی لە عێراق بکەن.