بەرەی تورکمانی: بەرپرسی ماڵی تورکمانی لە کەرکووک بەر تەقینەوەکە کەوت
بەرەی تورکمانی لە عێراق سەرکۆنەی تەقینەوەکەی ئەمڕۆی شاری کەرکووک دەکات کە بە هۆیەوە بەرپرسی ماڵی تورکمانی بریندار بووە.
شەممە 54ـی تشرینی یەکەمی 2024، بەرەی تورکمانی لە عێراق لە بەیاننامەیەکدا، سەرکۆنەی تەقینەوەکەی ئەمڕۆی گەڕەکی مووسەڵلای لە کەرکووک کردووە کە بووەتە هۆی برینداربوونی سایغن هاجەر ئۆغلۆی بەرپرسی ماڵی تورکمانی لەو شارە، لەگەڵ چەند هاووڵاتییەکی سڤیل، بەرەی تورکمانی تەقینەوەکە بە کارێکی تیرۆریستی وەسف دەکات.
بەرەی تورکمانی دەڵێت: "ئەو گرووپە تیرۆریستیانە دەیانەوێت ئارامی و ئاسایشی شارەکەمان تێک بدەن و ڕەمزەکانمان تیرۆر بکەن، ئەوانە دەیانەوێت ئاژاوە بخەنە نێو پێکهاتەکانی ئەم شارە".
بەرەی تورکمانی لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە "ئەو تاوانکاریانە وایان لێ دەکات زیاتر پابەند بن بە یەکێتیان و بەرگریی کردن لە مافی نەتەوەکەیان لە کەرکووک، هاوکات داوای لە فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق کرد تەواوی ڕێکارە یاساییەکان بگرێتە بەر بۆ بەرقەرارکردنی ئارامی و ئاسایش لە شاری کەرکووک، ڕێگەش بەهچ گرووپێکی تیرۆریستی نەدەن ئارامیی شارەکە تێک بدەن، بکەرانی ئەو تاوانە بە سزای توندی یاسایی بگەیەنێت، داوای لە حکوومەتی عێراقی کرد پاریزگاریی لە کەسایەتییەکان و هاووڵاتیان بەگشتی بکات لە هەڕەشەی تیرۆر".
لە کۆتایی بەیاننامەکەشدا، بەرەی تورکمانی لە عێراق داوای لە لایەنە سیاسییەکان کرد، ڕیزەکانیان یەک بخەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و ئەو هەوڵانەی دەدرێت بۆ تێکدانی یەکڕیزیی گەلەکەیان و ئاسایشی شارەکەیان.
ئەمڕۆ شەممە 5ـی تشرینی یەکەمی 2024، لەگەڕەکی موسەڵلای شاری کەرکووک تەقینەوەیەک ڕووی دا و ژمارەیەک قوربانی لێ کەوتەوە.
عامرشوانی گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "تەقینەوەکە لەڕێگەی دانانی بۆمبێکی چێنراو بووە لە فلکەی موسەڵلا، لە ئەنجامدا چوار هاوڵاتی برینداربوونە کە برینی یەکێکیان سەختە".
عامر شوانی گوتیشی: "لێکۆڵینەوە لەڕووداوەکە دەستی پێ کردووە و نازانرێت ڕووداوەکە تیرۆریستییە یان کێشەی دیکە".